رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەم ساڵ لە سلێمانی و دەوروبەری، دەست بەسەر نزیکەی 500 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیراوە؛ گوتیشی، هەر لەو ماوەیەدا 520 کەسی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 25-06-2025، عەقید سەلام عەبدولخالق، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان (سلێمانی) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئامارەکانی تایبەت بە دەستبەسەرداگرتنی مادەی هۆشبەر و دەستگیرکردنی بازرگانان و ئالوودەبووانی بۆ ئەم ساڵ خستەڕوو.
بەگوتەی عەقید سەلام عەبدولخالق، ''ئەم ساڵ 520 کەسی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون کە ''243ـیان بەکارهێنەری مادەی هۆشبەرن و ئەوانەی دیکەیش بازرگانی مادەکە بوون.''
وەک گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان (سلێمانی) گوتی، هەر لەو ماوەیەدا، دەست بەسەر نزیکەی 500 کیلۆگرام مادەی هۆشبەری جۆراوجۆردا گیراوە.
عەقید سەلام عەبدولخالق ئاماژەی بەوە کرد، ئەم ساڵ بەراورد بە پار، بەکارهێنانی مادە هۆشبەر کەمتر بووە، ''بەڵام ئەوەی کە تێبینی دەکرێت، بازرگانیی بە مادەی هۆشبەر روو لە هەڵکشان بووە.''
گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان (سلێمانی) دەڵێت، ''سەرەڕای ئەوەی بازرگانیی بە مادەی هۆشبەر زیادیکردووە، بەڵام رێگە نەدراوە هەرێمی کوردستان بکرێتە ناوچەیەکی ترانزێت بۆ گواستنەوەی مادەکە.''
بەگوێرەی ئامارەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان (سلێمانی)، لەو ماوەیەدا چەندین تۆڕی بازرگانیی بە مادە هۆشبەر لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە هەڵوەشێندراونەتەوە و ''لە هەمانکاتیشدا نزیکەی 100 کەس لە دەستگیرکراوان، بازرگانی نێودەوڵەتیی مادەی هۆشبەر بوون.''
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، پار دوو هەزار و 200 تۆمەتباری بەکارهێنان و بازرگانی بە مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ