رووداو دیجیتاڵ
دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران رایدەگەیێنێت، بەهۆی کێشەی تەکنیکی لە دیوی ئێرانەوە هیچ هاونیشتمانییەکی باشووری کوردستان و هاووڵاتییەکی عێراق ناتوانن لە دەروازەکەوە بە ئۆتۆمبێلی خۆیان بچنە ئێران. گوتەبێژی دەروازەکەش دەڵێت، گرفت لە دیوی ئێرانەوەیە و هاووڵاتییانی ئێران و هاونیشتمانییانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانن بە ئۆتۆمبێلی خۆیان بێنە هەرێمی کوردستان.
رۆژی سێشەممە، 25ـی تەممووزی 2023، دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران لە راگەیێندراوێكدا بڵاویکردەوە، لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە ئاگادار کراونەتەوە کە بەهۆی چەند گرفتێکی تەکنیکییەوە لە ئەمڕۆە تاوەکو کاتێکی نادیار هیچ هاونیشتمانییەکی باشووری کوردستان و هاووڵاتییەکی عێراق ناتوانێت بە ئۆتۆمبێلی تایبەتیی خۆی سەردانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بکات، بەڵام هاتووچۆ بەبێ ئۆتۆمبێل 24 کاژێر کراوەتەوە.
سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران لەسەر ئەو پرسە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کێشەکە لە دیوی ئێرانەوەیە و گرفتی تەکنیکی لە بیمەدا هەیە؛ لە دیوی هەرێمی کوردستان هیچ کێشەیەکمان نییە و ئەوەی هەیە لەسەر داوای بەرپرسانی ئێرانییە."
گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران ئاماژەی بەوەشکرد، هاونیشتمانییانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هاووڵاتییانی ئێران دەتوانن بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان گەشتی هەرێمی کوردستان و عێراق بکەن و لە هەردوو دیوی دەروازەکەوە رێگە کراوەیە بۆیان.
لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران سێ دەروازەی نێودەوڵەتی هەن؛ حاجی ئۆمەران لە سنووری پارێزگای هەولێر، باشماخ و پەروێزخان لە سنووری پارێزگای سلێمانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ