رووداو دیجیتاڵ
لوقمان فەیلى، وەک یەکەمین کورد بە فەرمى بووە نوێنەرى هەمیشەیی عێراق لە رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان و بەڵگەنامەى دەستبەکاربوونى پێشکێش کرد.
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى وەزارەتى دەرەوەى عێراق، رۆژی 24ى تەممووزی 2025، لوقمان فەیلى لە شارى نیویۆرکى ئەمریکا بە فەرمى بەڵگەنامەى دەستبەکاربوونى پێشکێش بە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێرى گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە. بەمەش دەبێتە یەکەم دیپلۆماتکارى کورد، کە ببێتە نوێنەرى هەمیشەیی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان.
لوقمان فەیلی، کوردی فەیلییە و لەدایکبووى بەغدایە، ساڵى 1989 بڕوانامەى بەکالۆریۆسى لە زانستى ژمێریارى لە بەریتانیا بەدەستهێناوە، لە ساڵى 2010ـەوە وەک باڵیۆز لە ناو وەزارەتى دەرەوەى عێراق دەستبەکاربووە و باڵیۆز بووە لە چەند وڵاتێك لەوانە ئەمریکا، ژاپۆن و ئەڵمانیا.
لە رێوڕەسمى رادەستکردنى بەڵگەنامەى دەستبەکاربوونى، لوقمان فەیلى جەختی لە پابەندبوونی نەگۆڕی عێراق بە بنەما و ئامانجەکانی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان کردەوە، هەروەها ئامادەیی وڵاتەکەیشی بۆ پتەوکردنی هاوکاری لەگەڵ رێکخراوەکە و دامەزراوە جیاوازەکانی دەربڕی، بەشێوەیەک کە بەرژەوەندییەکانی عێراق مسۆگەر بکات و ببێتە هۆی بەهێزکردنی ئاشتی، ئاسایش و گەشەپێدان لەسەر هەردوو ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی و ئاماژەی بە رۆڵی پێشەنگی عێراق کرد لە رێگەی سەرۆکایەتیکردنی گرووپی 77 و چین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ