رووداو دیجیتاڵ
هێزێکی زۆری حەشدی شەعبی لە سنووری کفری لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان چوونەتە سەر بیرێکی نەوت. فەرماندەیەکی پێشمەرگە دەڵێت، حەشدی شەعبی پێیان راگەیاندوون کە بە رێککەوتن لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی هاتوونەتە شوێنەکە.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 25-08-2024 هێزێکی زۆری حەشدی شەعبی کە بەگوتەی فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگە، زیاتر لە 400 ئۆتۆمبێلی سەربازییان پێیە، چوونە سەر بیرێکی نەوت بە ناوی قەمەر لە نزیک ناحیەی کوڵەجۆی سەر بە قەزای کفریی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان.
بەرپرسێکی پێشمەرگە لە شوێنەکە بە هونەر حەمید، پەیامنێری رووداوی رووداوی راگەیاند، کەسێک بە ناوی سەید تاڵیب، بەرپرسی ئاسایشی گشتیی حەشدی شەعبی هاتووە و گوتوویەتی کە قسەی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردووە بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆن لە دژی داعش بکەن و "بە ئێمەیان گوتووە ئێوە برای ئێمەن، تەنیا ئەم سێ رۆژە مۆڵەتمان بدەن."
پەیامنێری رووداو لە شوێنەکە گوتی، هێزەکەی حەشدی شەعبی لە شوێنێک کە بۆشایی ئەمنییە و دەکەوێتە پشت هێزەکانی پێشمەرگە، رۆیشتوونەتە شوێنەکە.
بەگوتەی بەرپرسانی پێشمەرگە لە سنوورەکە، سوپای عێراقیش گوتویەتی ئاگاداری بابەتەکە نین.
هێزەکەی حەشدی شەعبی لەو ناوچەیە لەسەر هەموو تەپۆڵکەکان ساتریان دروست کردووە.
ئەو ناوچەیە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی پێشمەرگەدا بوو، بەڵام ئەو شوێنەی بیرە نەوتییەکەی لێیە لە ژێر کۆنترۆڵی پۆلیسی نەوت و گازی عێراقدا بوو. پەیامنێری رووداو گوتی، ''پۆلیس هۆکاری هاتنی هێزەکەی حەشدی شەعبی پرسیوە، بەڵام ئەوان لە پۆلیسێکیان داوە و گوتوویانە مافی قسەکردنت نییە.''
هێزەکە دەستی بەسەر چەکی پۆلیسەکانی نەوت و گازدا گرتبوو، بەڵام فەرماندەکانی پێشمەرگە لە لیوای پێنجی سنوورەکە بە رووداویان راگەیاند، ''پۆلیس و چەکەکانمان لە دەست حەشدی شەعبی سەندووەتەوە و پۆلیسەکان ناچار بوون بڕۆنەوە''.
تاوەکو ئێستا دیار نییە هێزەکەی حەشدی شەعبی دەیەوێت بە شێوەی کاتی لە ناوچەکە بمێنێتەوە یان بەتەواوی جێگیر دەبن. فەرەماندەیەکی هێزی پێشمەرگە بە هونەر حەمید، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، ''هەموو جۆرە چەکێکیان پێیە؛ بۆیە پێناچێت بیانەوێت سنوورەکە جێبهێڵن.''
تاوەکو ئێستا هێزی پێشمەرگە کاردانەوەیەکی بەرامبەر هاتنی هێزەکە نەبووە، بەڵام هەرچی هێز و ئۆتۆمبێلی سەربازی لە کوڵەجۆ هەیە، براوەتە شوێنەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ