کوردستان
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و زافەر سراکایا، جێگری سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا (ئاکپارتی) بۆ کاروباری دەرەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە 25ی ئاب نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە زافەر سراکایا، جێگری سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا (ئاکپارتی) بۆ کاروباری دەرەوە کرد؛ لە دیدارێکدا پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ تورکیا و دۆخی ناوچەکە تاوتوێ کران.
بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هاریکاریی هاوبەش کردەوە، کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هەردوولا و پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە دەکات.
هەر لە دیدارەکەدا، نێچیرڤان بارزانی دووپاتیکردەوە کە هەرێمی کوردستان وەکو دراوسێیەکی گرنگ سەیری تورکیا دەکات و بەرژەوەندیی هاوبەش و درێژخایەن کۆیاندەکاتەوە. هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ رۆڵی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ئاکپارتی لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی.
لای خۆیەوە، بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، زافەر سراکایا جەختی لە خواستی بەردەوامی تورکیا بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا کردەوە. هەروەها ستایشی پەیوەندی و دۆستایەتیی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ تورکیا و رۆڵە ئەرێنییەکەی لەسەر ئاستی ناوچەکە کرد.
بەپێی راگەیێندراوەکە، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ