شێخ حیکمەت هەجەری داوای دامەزراندنی هەرێمێک بۆ دروزەکان دەکات

25-08-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرکردەیەکی دیاری دروزەکان لە باشووری سووریا داوا دەکات هەرێمێک بۆ پێکهاتەکەیان دروست بکرێت، ئەوەش لەکاتێکدایە هەوڵدەدات گرووپە چەکدارە نێوخۆییەکانی ناوچەکە یەکبخات. 
 
تووندووتیژییەکان لە پارێزگای سوەیدا لە 13ـی تەممووز بە پێکدادان لە نێوان چەکدارانی دروز و عەرەبە دەشتەکییەکان دەستیپێکرد، بەڵام بە خێرایی پەرەیسەند و هێزەکانی حکومەت و گرووپە چەکدارەکان لە ناوچەکانی دیکەی سووریاوە تێوەگلان.
 
بەرپرسانی سووریا رایانگەیاندووە، هێزەکانیان بۆ راگرتنی پێکدادانەکان دەستوەردانیان کردووە، بەڵام شایەتحاڵان، گرووپە دروزەکان و سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا، تۆمەتباریان دەکەن بە لایەنگیریکردنی بەدەوییەکان و پێشێلکاری دژی دروزەکان، لەنێویاندا کوشتنی بەکۆمەڵ.
 
شێخ حیکمەت هەجەری، یەکێک لە سێ سەرکردە رۆحانییە دیارەکەی دروزەکانی سووریا، ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند کە تووندووتیژییەکان "هەوڵێک بوون بۆ لەنێوبردنی ئێمە وەک پێکهاتەیەکی دروز."
 
بەگوێرەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە میدیای ناوخۆیی "سوەیدا 24" بڵاویکردووەتەوە، شێخ هەجەری داوای لە "هەموو وڵاتان و گەلانی ئازاد کردووە، پاڵپشتیمان بکەن وەک پێکهاتەی دروز لە باشووری سووریا، بۆ راگەیاندنی هەرێمێکی جیاواز تاوەکو بمانپارێزێت."
 
هەجەری ئەو لێدوانانەی لە بارەگاکەی خۆی لە شارۆچکەی قەنوات، نزیک شاری سوەیدا دا، لە کاتێکدا کە پێشوازی لە شاندێکی گرووپی ناوخۆیی بەناوی"رجال الكرامة" کرد. 
 
شاندەکە، کە نوێنەرایەتیی یەکێک لە گەورەترین گرووپە چەکدارەکانی سوەیدای دەکرد، ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ ئەوەی لەگەڵ گرووپەکانی دیکەدا بچێتە ژێر فەرمانی شێخ هەجەری.
 
هەفتەی رابردوو، دەیان گرووپی بچووکی چەکداری لە سوەیدا رایانگەیاند کە دەچنە پاڵ گرووپێکی نوێ بە ناوی "پاسەوانی نیشتمانی" و هەوڵدەدەن هەوڵە سەربازییەکان لەژێر سەرکردایەتیی هەجەریدا یەکبخەن.
 
سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست لە سوەیدا، دۆخی شارەکە هێشتا ئاڵۆزە و چوونە ناو پارێزگاکە کارێکی ئەستەمە، لە کاتێکدا دەیان هەزار کەس بەهۆی تووندووتیژییەکانی ئەم دواییانەوە ئاوارەبوون.
 
دانیشتووانی ناوچەکە دەسەڵاتداران بە سەپاندنی گەمارۆ تۆمەتبار دەکەن، بەڵام دیمەشق ئەمە رەتدەکاتەوە و ئاماژە بە گەیشتنی چەندین کاروانی هاوکاریی مرۆیی دەدات.
 
لە 16ـی ئاب، سەتان کەس لە سوەیدا خۆپیشاندانیان کرد و داوای مافی چارەی خۆنووسینیان دەکرد، هەندێکیشیان ئاڵای ئیسرائیلیان بەرزکردبووەوە.
 
ئیسرائیل لە کاتی پێکدادانە تائیفییەکاندا بۆردوومانی هێزەکانی حکومەتی کرد و رایگەیاند، بۆ بەرگریکردن لە دروزەکان و جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خۆی بۆ چەکداماڵینی باشووری سووریا ئەو کارەی کردووە.
 
دەسەڵاتدارانی سووریا بەردەوام هەر جۆرە ناناوەندییەکی ئیداری یان دابەشکردنی وڵاتیان رەتکردووەتەوە.
 
سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا دەڵێن، پێکدادانەکانی مانگی رابردوو بوونەتە هۆی کوژرانی نزیکەی 1,600 کەس، کە زۆرینەیان هاووڵاتیی سڤیلی دروز بوون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.