کوردستان
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، رۆژی 2ی تشرینی یەکەم دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول دەکرێت. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی دیاریکرد و بەپێی زانیارییەکان لە 2ی مانگی داهاتووەوە دەستپێدەکات.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەمڕۆ یەکشەممە 25-09-2022 وەزارەتی دارایی و ئابووری رۆژی 2ی تشرینی یەکەمی وەکو یەکەم رۆژی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول دیاریکردووە.
دیاریکردنی رۆژی دابەشکردنی مووچە دوای کۆبوونەوەی تیمێکی ئەنجوومەنی وەزیران دێت لەگەڵ بەڕێوەبەری خەزێنەکان و ژمێریاریی وەزارەتی دارایی بۆ ئەو مەبەستە.
هاوکات بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە وەزارەتی داراییەوە بە رووداو دراون، پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول بەردەستە.
خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، رۆژی 2ی تشرینی یەکەم، مووچەی وەزارەتی تەندروستی دابەش دەکرێت و رۆژی دواتر مووچەی یەکەکانی 70 و 80ی پێشمەرگە دابەشدەکرێت و لیستی وەزارەت و دەستەکانی دیکەش بەمشێوەیە کە لە ماوەی 20 رۆژدا مووچەی سەرجەمیان دابەشدەکرێت:
- وەزارەتی دارایی و ئابووری
- وەزارەتی ناوخۆ
- بەڕێوەبەرایەتی دامودەزگە نەوتییەکان
- بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رەگەزنامە
- فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی و فەرماندەیی بەرگری و فریاکەوتن
- وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان
- کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوان
- زیندانە سیاسییەکان
- وەزارەتی پەروەردە
- ئەنجوومەن و دەزگەی ئاسایش
- وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی
- خاوەن پێداویستی تایبەت
- وەزارەتی داد
- ئەنجوومەنی دادوەری
- وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی
- دەستەی مافی مرۆڤ
- دەستەی دەستپاکی
- دەستەی وەبەرهێنان
- دەستەی ژینگە
- دەزگەی مین
- ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان
- کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن
- دیوانی چاودێریی دارایی
- وەزارەتی پلاندانان
- وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی
- وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن
- وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو
- خانەنشینی شارستانی
- وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن
- وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان
- وەزارەتی کارەبا
- وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
- وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار
- سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
- سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان
- سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران
- خانەنشینی پێشمەرگە
پارەی کارەبا لە گەڕەکەکان کۆدەکرێتەوە بۆ تەواوکردنی پارەی مووچەی سلێمانی
رۆژی یەکشەممە 25-9-2022، سیروان محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کارەبای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو پارەیەی مانگانە بۆ هاووڵاتی دێتەوە [لەبری بەکارهێنانی کارەبا] وەردەگرین؛ ئەگەر هاووڵاتییەک 500 هەزار دیناری کارەبا قەرزار بێت، تیمەکان داوای ئەو پارەیە ناکەن و تەنیا ئەو پارە وەردەگرن کە مانگێک یان دوو مانگ جارێک دێتەوە."
بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا داوا لە هاونیشتمانییان دەکات کە هاوکارییان بکەن و رایدەگەیێنێت: "پرۆسەی کۆکردنەوەی پارە لە ماڵان، بە سوودی گشتی و هاوبەشانی کارەبا تەواو دەبێت؛ هاووڵاتییان بەشێک لە ئەركەكانیان كەم دەبێتەوە و پێویست ناكات بۆ پارەدان سەردانى فەرمانگە و بنكەكانى وەرگرتنى پارەى كارەبا بكەن؛ ئەم پرۆسەیەش بۆ چارەسەری كێشە خزمەتگوزارییە بەردەوامەكانی پارێزگای سلێمانییە."
کۆتاییەکانی خشتەی دابەشکردنی مووچە لە سنووری سلێمانی کێشە بۆ مووچەخۆران دروست دەبێت، هەروەها چەند جارێک کێشە بۆ مووچەی کارمەندانی پاککەرەوەی نەخۆشخانەکان، تیمی فریاکەوتنی خێرا، کڕینی دەرمان و کۆمپانیاکانی پاککەرەوە لە سلێمانی دروستبووە و بەڕێوەبەرایەتی کارەبای پارێزگاکە دەیەوێت لەم رێگەیەوە داهاتی سنوورەکە زیادبکات.
سەرچاوەیەک بۆ رووداو: ئەم مانگە لە سلێمانی کێشەی دابەشکردنی مووچە نابێت
پێشتر لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بۆ دابەشکردنی مووچە، بەهۆی کەمی پارە و نەبوونی نەختینە لە بانکەکاندا، کێشە بۆ دابەشکردنی مووچە دروست دەبوو، بەڵام لە مانگی رابردوو، ئەو گرفتە تا رادەیەک چارەسەکرا. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی بە رووداوی راگەیاند، بەپێی پلان و ئامادەکارییەکان، لە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولیشدا، هیچ گرفتێک لە سلێمانی نایەتە پێش.
رۆژی 30ی ئابی 2022، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی ئابی بڵاوکردەوە و پێنجشەممە 1ی ئەیلوول دەست بە دابەشکردنی مووچەی ئەو مانگە کرا.
لە هەرێمی کوردستاندا یەک ملیۆن و 251 هەزار و 451 مووچەخۆر هەن، 751 هەزار و 805 کەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین؛ 242 هەزار و 269 کەسیان خانەنشینن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ