رووداو دیجیتاڵ
دوای رێککەوتن و بڕیاری هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی رایدەگەیێنێت: جەخت لە جێبەجێکردنی هەموو مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی ئەیلوولی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند: "رێککەوتنی ئەمڕۆی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ و کۆمپانیای سۆمۆ، دەستکەوتی ماندووبوون و هەوڵی زوری تیم و شاندەکانی هەموو لایەک بووە. بەم هەنگاوە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان دووبارە بە بازاڕی جیهانیی نەوت بەسترانەوە."
22ى ئەیلوول، بەغدا و هەولێر و کۆمپانیاکانى نەوت رێککەوتنێکى سێ قۆڵییان واژۆ کرد بۆ هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان کە بەگوێرەى رێککەوتنى نێوانیان 230 هەزار بەرمیل نەوت دەبێت.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی کوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ رایگەیاند، دوای واژۆکردنی رێککەوتنی سێقۆڵی، لە ماوەی 48 کاژێری داهاتوودا، دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
مەسرور بارزانی دەستخۆشی لە هەموو لایەک و بەتایبەتی خەڵکی خۆڕاگری کوردستان کرد کە "لەم رۆژە مێژووییەدا بەربەستێکی گەورەیان لە بەردەم دابینکردنی شایستە داراییەکانی خەلکی کوردستان هەڵگرت و بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، جەخت لە جێبەجێکردنی هەموو مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەینەوە."
هەر ئەمڕۆ، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە گەیشتوونەتە رێککەوتنێک بۆ رادەستکردن و هەناردەکردنی نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان لە رێگەى کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، جگە لەو بەشەی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆییە.
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، کۆمپانیای سۆمۆ ئەرکی هەناردەکردنی نەوتەکە لەئەستۆ دەگرێت لە رێگەی بۆریی عێراق-تورکیاوە بۆ بەندەری جەیهان و ئەوەش بە رێکارە کارپێکراوەکان و دەستوور و دەقە یاساییەکانی نێو یاسای بودجەی گشتی و بڕیارەکانی دادگەی باڵای فیدراڵییەوە دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ