رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، هەموو حیزبەکان کارنامەی تایبەت بە خۆیان هەیە، کە کاری خۆیان لە چەند خاڵێک دیاریکردووە کە بە رێگەی یاسایی هەوڵی بەدەستهێنانیان دەدەن. پارتی دیموکراتی کوردستان و رەوتی هەڵوێست لە کارنامەکەیاندا جەختیان لەسەر زمانی کوردی کردووەتەوە کە ببێتە زمانێکی فەرمی لە عێراق.
هەریەکە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامی، رەوتی هەڵوێست، نەوەی نوێ و کۆمەڵی دادگەری کارنامەی خۆیان بڵاوکردووەتەوە و کۆمەڵێک تەوەری جیاوازیان خستووەتەڕوو، بەڵام بەشێکی زۆریان لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و یاسای نەوت و گاز لە بەغدا هاوڕان.
پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کارنامەکەیدا جەخت لەسەر پاراستن، پەرەپێدان و فراوانکردنی بەکارهێنانی زمانی کوردی وەکو زمانی فەرمی لە گشت دامەزراوە فیدراڵییەکان، داڕشتنی یاسا و بەڵگەنامە و نووسراوە فەرمییەکان، هەروەها بەشداریی کارای نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە شاندەکانی حکومەتی فیدراڵی لە کۆڕ، کۆبوونەوە، کۆنگرە، کۆنفرانس و دامەزراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و دیپلۆماسییەتی فرەلایەن دەکاتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە بەشێکی زۆری دامەزراوە فیدراڵییەکان زمانی کوردی بەکارناهێندرێت، کەچی بەشێک لە حیزبەکان لە کارنامەکەیاندا باسیان نەکردووە.
رەوتی هەڵوێست، لە کارنامەکەیدا داوای سەلماندنی زمانی کوردی وەکو زمانی پلە یەک لە عێراقدا دەکات بەپێی مادەی 4ی دەستوور.
لە هەرێمی کوردستانەوە 8 حیزب و 8 بەربژێری سەربەخۆ دەچنە نێو کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق. هەریەکە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نەوەی نوێ، یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری لە کارنامەکەیاندا باسی زمانی کوردییان نەکردووە.
بڕیارە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق رۆژی 11ی تشرینی دووەم 2025 بەڕێوەبچێت. بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، 21.4 ملیۆن کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەتوانن دەنگ بدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ