رووداو دیجیتاڵ
خانمێکی گەنج لە سلێمانی دۆخی دارایی زۆر خراپە و دوای جیابوونەوەی لە هاوژینەکەی و مردنی دایک و باوکی، بە تەنیا لە خانوویەکی کرێ دەژی لە گەڕەکی بەکرەجۆی سلێمانی.
ئێستاش کاتی مانەوەی لەو خانووە تەواو بووە و خاوەن خانووەکە داوای لێکردووە چۆڵی بکات.
سێ ساڵ زیاترە رۆژان محەممەدی 35 ساڵ بە تەنیا دەژی و بەهۆی نەبوونی مووچەیەکی تایبەت و نەخۆشیی دڵەوە ناشتوانێت هیچ کار بکات، خۆشی دەڵێت لە خێزانەکەی کەسێکی وای نەماوە چاودێریی بکات.
رۆژان محەممەد بە رووداوی گوت: "هەموو ئەو کەرەستانەشی کە لەم ماڵەدا هەمە هەمووی کۆنەی خەڵکە و بەخێر پێیان داوم، زستانان ئەم ماڵە ئاوەچۆڕ دەکات لە سەقفەکەوە و دەبێت هەموو کەرەستەکانیش بگوازمەوە، کەس ناتوانێت لەم شوێنەدا بژیت. من ئەوهاش رازیم تێیدابم، بەڵام کەس نییە هاوکاریم بکات و وا دەریشم دەکەن، پارەم هیچ نییە، سوێند بەخوا ئەم هاوینە تەنانەت پارەم نەبووە بیدەم بە کرێی موەلیدە بۆیە جگە لە کارەبای نیشتمانی، کارەبای موەلیدەم نەبووە و شەو لەبەر گەرما خەوتووم".
کرێی ئەم خانووەی رۆژانی لێدەژی 150 هەزار دینارە، بەڵام زیاتر لە پێنج مانگە خۆی نەیتوانیوە کرێکەش دابین بکات.
سەروەر عومەر، خاوەنی خانووەکەیە بە رووداوی گوت: پێویستی زۆرم بە خانووەکە هەیە و خۆشم لەبەر قەرزاری دەمەوێت بیفرۆشم، بۆیە دەمەوێت چۆڵی بکات."
دەشڵێت، "لە 15ی 11ی 2022ـەوە ئەو خانووەم داوە بەو خاتوونە، ئەوە ساڵێک زیاترە لەوێدایە، بە راستی پێویستم بە خانووەکەیە بیفرۆشم، چونکە قەرزارم، بۆیە چەند مانگێکە ئاگادارم کردووەتەوە بۆ ئەوەی چۆڵی بکات، ناچارم منیش قەرزارم، چەند مانگێکیش خۆم و خێرخوازان پارەکەمان بۆ داوە".
ئەم خانمە، دوای ئاگادارکردنەوەی بۆ چۆڵکردنی خانووەکە، چووەتە زۆرینەی نوسینگەکانی گەڕەکەکەی، بەڵام زۆرینەیان لەبەر ئەوەی دەزانن ناتوانێت کرێکەی بدات بێ ئومێدیان کردووە.
.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ