رووداو دیجیتاڵ
کەسایەتیی دیاری هەرێمی کوردستان و ناوچەی شارەزوور و سەرۆکی عەشیرەتی روغزایی، سەرحەد خەلیفە یونس کۆچی دوایی کرد.
رۆژی دووشەممە، 25-12-2023، کەسایەتیی نێوداری هۆزی جاف و سەرۆکی عەشیرەتی روغزایی، لالە سەرحەد خەلیفە یونس لە تەمەنی 92 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
سالار لالە سەرحەد، کوڕی کۆچکردوو کە هاوکات، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە لە فەیسبووکی خۆی رایگەیاند، "ئەمڕۆ باوکی ئازیزم (لالە سەرحەد خەلیفە یونس) گەڕایەوە بەر رەحمەتی خودای گەورە."
سەرحەد خەلیفە یونس، ناسراو بە لالە سەرحەد، لە گوندی دسکەرەی شارەزوور لەدایکبووە، کوڕە گەورەی خەلیفە یونس بووە، کە پێشتر سەرۆکی عەشیرەتی روغزایی بووە لە هۆزی جاف.
لالە سەرحەد لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو، پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەوە کردووە لە ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا بووە بە سەرتیپ.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لالە سەرحەد بەهۆی نەخۆشییەوە بەیانی رۆژی دووشەممە، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی کۆچی دوایی کردووە و بڕیاریشە لە گوندی دسکەرە بەخاک بسپێردرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ