رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، شەوی رابردوو فڕۆکەیەکی تایبەت بە گواستنەوەی هاونیشتمانیانی عومرەکار لە سعودیەوە ویستوویەتی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بنیشێتەوە، بەڵام بەهۆی سزادانی کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکەوە ناچار کراوە بچێتە بەغدا. بەرپرسێکی حەج و عومرە دەڵێت، عومرەکاران ئەمڕۆ بە پاس گەڕێندراونەتەوە.
بەرپرسێک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بابەتەکە پەیوەندی بە فڕۆکەخانەی ئێمەوە نەبووە. ئەوەی هەیە سزادانی کۆمپانیای فڕۆکەوانیی فلای بەغدایە؛ سەنتەری ئەوانیش بەغدایە و بۆیە ناچار کراوە لە بەغدا بنیشێتەوە".
لەبارەی چارەنووسی عومرەکارەکانەوە، بەرپرسێک لە بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە شەوی رابردووەوە لەسەر هێڵ بووین، دواتر لەسەر خەرجی فلای بەغدا پاس بۆ عومرەکاران گیرا و هەموویان گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان".
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئێستا چەندین هاونیشتمانیی دیکە کە لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانییەوە لە رێگەی فلای بەغداوە گەشتی عومرەیان کردووە، لە سعودیە هەمان کێشەیان بۆ دروست بووە. بەرپرسەکەی حەج و عومرە گوتی، لە هەوڵدان هەر هاونیشتمانییەک لە سعودیە بێت و بەو کۆمپانیایە گەشتەکەی کردبێ هەر لە سعودیەوە بە هێڵێکی دیکەی فڕۆکەوانی راستەوخۆ بگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان، نەوەکو بچێتە بەغدا و پاشان بە پاس بگەڕێندرێتەوە.
کۆمپانیای فلای بەغدا کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانیی عێراقییە و رۆژی 22ـی ئەم مانگە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە بەتۆمەتی گواستنەوەی چەک و چەکدار و بەقاچاخبردنی دۆلار لە عێراقەوە سزای بەسەردا سەپێندرا و خرایە لیستی سزاکانەوە.
دوێنێ فلای بەغدا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "بە ملکەچبوون بە بڕیاری حکومەت و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆمپانیاکە بەتەواوی بە بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانبەران و سەرۆکی جێبەجێکارەوە پابەندی ئەو بڕیارە دەبین کە لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە دەرچووە بۆ راگرتنی سەرجەم گەشتەکان لەم ساتەوە تاوەکو ئەو کاتەی لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ سەرۆکی جێبەجێکار و بەڕێوەبەرێتی کۆمپانیاکە لەلایەن لێژنەی هاوبەشەوە تەواو دەبن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ