رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کابینەی نۆدا "ئاسانکاری"یان بۆ دروستکردنی مزگەوت کردووە و زەوییان بێبەرامبەر بۆ دابیکردوون.
لە راگەیێندراوەکەی ئەمڕۆ دووشەممە، 26ـی شوباتی 2024 دا هاتووە: "حکومەت زەویی بۆ پرۆژەکانی دروستکردنی مزگەوت و حوجرە و فێرگە ئایینییەکان دابیندەکات و لە بەرامبەردا هیچ بڕە پارەیەک وەرناگرێت. کە لەوانەیە نرخی هەر زەوییەک چەند بەرانبەری نرخی تێچووی دروستکردنەکە بێت".
حکومەت رایگەیاندووە، لە کابینەی نۆدا 408 مزگەوت لە هەرێمی کوردستان دروستکراون.
هەروەها ئاماژە بەوەکراوە، مزگەوت تەنیا باڵەخانە نییە و پێویستیی بە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی ئاو، کارەبا و ژینگە هەیە و حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەوانەدا پشتیوانی تەواوی دروستکردنی مزگەوتەکانە.
لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوەشکراوە، حکومەت مامۆستای ئایینی، مجێور و خزمەتگوزاری بۆ مزگەوتەکان دابینکردووە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بۆ دروستکردنی مزگەوت ئاسانکاریی یاسایی و کارگێڕی بۆ مامەڵەکان دەکرێت. راشیگەیاندووە: "ئاسانکاری لە داشکاندن و مامەڵەکردن لە هێنانی کەلوپەل و کەرەستەکان لە دەروازە سنوورییەکانەوە بۆ مەبەستی دروستکردنی مزگەوتەکان دەکرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ