مەزڵووم عەبدی: لە 14 ساڵی رابردوودا یەکێتیی خاکی سووریامان پاراست

26-04-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مەزڵووم عەبدی لە 'کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەک هەڵوێستیی کورد' رایگەیاند، "سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکەین و هەوڵەکانی کاک نێچیرڤان بارزانی و کاک بافڵ تاڵەبانی لەبیر ناکەین." ئاماژەی بەوەش کرد، لە 14 ساڵی رابردوودا یەکێتیی خاکی سووریایان پاراستووە.
 
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە لە 'کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەک هەڵوێستیی کورد گوتی، "کۆنفرانسەکە دەکەینە دیاری بۆ شەهیدەکانمان." عەبدی جەختی لەوە کردەوە، "ئێمە وەکو گەلی رۆژئاڤا پشتگیریی پرۆسەی ئاشتی دەکەین،" کە لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە پاڵپشتیی لێدەکرێت.
 
مەزڵووم عەبدی: سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکەین
 
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) گوتارێکی پێشکێش کرد و وێڕای بەخێرهاتنی بەشداربووانی کۆنفرانسەکە گوتی، "ئێوە دەزانن کە 14 ساڵە لە شەڕێکداین بۆ پاراستنی گەلەکەمان کە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە."
 
مەزڵووم عەبدی گوتی، "بۆ پارستنی ئەم هەرێمە، شەڕێکی سەخت کرا کە تێیدا 13 هەزار کچ و کوڕی ئێمە شەهید بوون و نزیکەی 30 هەزار کەس لە هەڤاڵانمان بریندار بوون، بۆیە ئەم کۆنفرانسە پێشکێش بە شەهیدەکانمان دەکەین."
 
فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بەوەش کرد، "هەڵبەت ئەم کۆنفرانسە لە کاتێکی کەمدا پێکنەهاتووە، بەڵکو ماوەیەکی دوور و درێژە هەوڵی دیالۆگی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان هەیە، پێشتریش هەندێک رێککەوتن و دیدار دروست بوون و ئەوە لە بەردەوامیی ئەو هەڵانەیە."
 
عەبدی باسی لە رۆڵی هەندێک کەسایەتی و لایەن دەکات لە بەرەوپێشبرنی دیالۆگی کوردی - کوردیی نێوان ئەنەکەسە و پەیەدە و دەڵێت، "لەو پرۆسەیەدا گەلێک هێزی کوردستانی هاوکاریی رۆژئاوای کوردستانیان کرد، لە سەرووی هەمووانەوە ئێمە پاڵپشتیی سەرۆک بارزانی بیر دەهێنینەوە و سوپاسی دەکەین."
 
فەرماندەی گشتیی هەسەدە سوپاسی پاڵپشتیی هاوسەرۆکایەتیی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)ش دەکات بۆ پاڵپشتیی دیالۆگی کوردی و لێکنزیکبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان و گوتیشی، "هەوڵدانی کاک نێچیرڤان و کاک بافڵیش لەبیرناکەین."
 
"یەکێتیی کورد یەکێتیی سووریایە"
 
مەزڵووم عەبدی پەیامێکی ئاراستەی گشت پێکهاتەکانی سووریا و دەسەڵاتی دیمەشق کرد و گوتی، "ئەم کۆنفرانسە بۆ دابەشکردن نییە، بەڵکو پێچەوانەکەی بۆ یەکێتیی سووریایە. ئێمە جارێکی دیکە جەخت لەوە دەکەینەوە کە پابەندین بە یەکێتیی خاکی سووریا و دەڵێین، یەکێتیی کورد، یەکێتیی سووریایە؛ بەهێزبوونی کورد، بەهێزبوونی سووریایە."
 
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات پێیوایە پێویستە بە شێوەی ناناوەندی سووریا بەڕێوەبچێت و دەڵێت، "لە سووریا گەلێک نەتەوە دەژین، گەلێک کولتوور و ئایین هەن، بۆیە پێویستە سووریای نوێ بەگوێرەی دەستوور، ناناوەندی بێت و تێیدا هەموو پێکهاتەکان مافی خۆیان لە دەستووردا ببیننەوە و بتوانرێت سووریایەکی دیموکراسی و ناناوەندی پێکبهێندرێت."
 
مەزڵووم عەبدی دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری بە نموونە هێنایەوە و گوتی، "لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا 12 ساڵە پێکهاتەکانی عەرەب، کورد، سریانی، ئاشووری، ئەرمەنی و هەموو پێکهاتەکانی دیکە پێکەوە دەژین؛ خوێنی ئێمە تێکەڵ بە خوێنی یەکدی بووە؛ لە رێڤەبەریدا پێکەوەین، مێژووی هاوبەشمان هەیە، بۆیە یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئێمە لە دەستپێکدا ئەوەیە کە ئەو دەستکەوتانە لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بپارێزین."
 
فەرماندەی گشتیی هەسەدە باس لەوە دەکات، دەمێکە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لەلایەن حکومەتەکانی سووریاوە پشتگوێخراوە و گوتی، "ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە لە سووریای نوێدا بە هەموو پێکهاتەکانییەوە وەک خۆی گرنگی پێبدرێت."
 
مەزڵووم عەبدی رەخنەی لە دەسەڵاتی نوێی سووریا گرت و گوتی، "دەمێکە دەوڵەتی سووریا پێکهێندراوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ وەک گەلی کورد پشتگوێخراوین، گەلی کورد هەر لە دەرەوەی بەڕێوەبەریی سووریا ماوەتەوە."
 
هەسەدە یەکێک لە سەرەکیترین هاوبەشانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانە دژ بە داعش. فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات ئەوەشی خستەڕوو، "لە چەند ساڵی رابردوودا گەلێک تێکۆشانی بەهێزمان بۆ یەکێتیی سووریا هەبووە؛ یەکێتی خاکی سووریامان پاراستووە و پشتڕاستمان کردووەتەوە کە لە هەر کەسێکی دیکە [زیاتر] وڵاتپەروەری سووریاین."
 
جەختی لەوە کردەوە، پێویستە لە سووریای نوێدا مافی سیاسی و نەتەوەیی گەلی کورد لە دەستووردا پارێزراو بێت، "ئەوە یەکێک لە داواکارییەکانی سەرەکیی ئێمەیە."
 
مەزڵووم عەبدی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، "ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر بەرنامەی سیاسیی کورد بکەین. لەم کۆنفرانسەدا بڕیاری پێکهێنانی شاندێکی هاوبەش دەدرێت، بڕیارەکانی ئەم کۆنفرانسە دەبرێنە شام و لەگەڵ حکومەتی شام گفتوگۆ دەکرێت، بۆ ئەوەی کورد لە سووریادا مافی خۆی وەربگرێت."
 
"پشتگیریی بانگەوازی ئاشتیی سەرۆک ئاپۆ دەکەین"
 
پرۆسەیەکی ئاشتی لە تورکیا لەئارادایە کە ئامانج لێی کۆتاییهێنان بە شەڕی پەکەکەیە لەگەڵ سوپای تورکیا.
 
ئۆجەلان لە 27ـی شوباتی ئەم ساڵ لە بانگەوازێکدا بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان داوای کرد، کۆنگرە ببەستن، خۆیان هەڵبوەشێننەوە و چەکەکانیان دابنێن. دوو رۆژ دواتر، پەکەکە رایگەیاند، بەو مەرجەی ئۆجەلان بەشداری لە کۆنگرەکە بکات، پابەندی بانگەوازەکە دەبن.
 
مەزڵووم عەبدی گوتی، "بانگەوازی ئاشتیی کۆمەڵگەی دیموکراسیی رێبەر ئاپۆ کاریگەریی لەسەر رۆژئاوای کوردستانیش دەبێت. ئێمەش دەتوانین پرسی خۆمان لەم ئاشتەواییەدا چارەسەر بکەین."
 
فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێمە وەکو گەلی رۆژئاوای کوردستان، پشتگیریی ئەم بانگەوازە دەکەین و بۆ سەرخستنی چیمان لەدەست بێت، دەیکەین."
 
لە درێژەی کۆنفرانسەکەدا پەیامی لایەنە سیاسییەکان بۆ بەستنی کۆنفرانسی "یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد" لە رۆژئاوای کوردستان خوێندرانەوە، لەوانەش پەیامی سەرۆک بارزانی، پەیامی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەشێکی دیکە لە لایەنە سیاسییەکان.
 
کۆنفرانسەکە 190 کەس لە کۆمیتەی ئامادەکار، ژمارەیەک نوێنەری PYD و پارتەکانی دیکە، نوێنەری رێکخستن و بزووتنەوە و لایەنە سیاسییەکان لەخۆدەگرێت.
 
340 ئەندام لە پارت و لایەنەکانی نێو ENKS و PYNK لە کۆنفرانسەکەدا بەشدارن، لەگەڵ 20 تاوەکو 30 کەسی دیکە لە نوێنەری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بەشێوەیەکی گشتی و بە تێکرا هەر پارت و لایەنێک دوو نوێنەریان لە کۆنفرانسەکەدایە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.