رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکانی(دەبەپە) تورکیا دەڵێت، تورکیا پێویستی بە دەستوورێکی نوێیە کە مافی هەموو گەلانی وڵاتەکە تێیدا پارێزراو بێت؛ لەبارەی پرۆسەی چارەسەرییش ئاماژە بەوە دەکات: ''دەبێت پەرلەمان هەنگاو بنێت''.
کەسکین بایندر، سەرۆکی دەبەپە رۆژی دووشەممە، 26ی ئایاری 2025 لە هەڤپەیڤینێکدا بە رۆژنامەیەکی تورکیای راگەیاند، بۆ ئەوەی پرۆسەی چارەسەری بەرەوپێشەوە بچێت، "دەبێت چاکسازیی یاسایی، دەستووری و دیموکراسی جێبەجێبکرێت''.
سەرۆکی دەبەپە دەشڵێت، بۆ ئەوەی بڕیارەکانی پەکەکە لەبارەی کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوە بچنە واری جێبەجێکردنەوە، دەبێت حکومەتی تورکیاش هەنگاوی کرداری بنێت.
بایندر ئەو دەستوورەی ئێستای تورکیای بە ''بەرهەمی کودەتا'' ناوبرد؛ جەختیشی لەوە کردەوە، وڵاتەکە پێویستی بە دەستوورێکی نوێیە کە لە سایەیەوە مافی هەموو گەلانی بپارێزرێت.
سەرۆکی دەبەپە پێیوایە، بۆ ئەوەی بەربەست بۆ پرۆسەکە دروست نەکرێت، پێویستە بەزوویی لیژنەیەک لە پەرلەمانی تورکیا پێکبهێندرێت و لە پەرلەمان هەنگاوی بۆ بنرێت.
لەبارەی پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ پرۆسەی چارەسەری، نوعمان کورتولمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رۆژی 19ی ئایاری 2025 لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند: ''دوای ئەوەی پەکەکە بەشێوەیەکی کرداری، خۆی هەڵوەشاندەوە و چەکی دانا'' کار بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک لە پەرلەمان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە دەکەن.
پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (دەبەپە) پارتێکی چەپە و لە 11ـی تەممووزی 2014 دامەزرا؛ لە دوایین هەڵبژاردنی 2023ـی پەرلەمانی تورکیادا دوو کورسی بەدەستهێنا. چیدەم کڵچگون و کەسکین بایندر، هاوسەرۆکانی پارتەکەن.
لە یەکی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.
شاندی ئیمرالیی دەم پارتی پێنج جار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی کردووە و پەیامەکانی ئەویان بە رای گشتی راگەیاندووە.
ئۆجەلان 27ی شوباتی ئەم ساڵ، داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
رۆژی 12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ