رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆک مەسعود بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە شاندێکی باڵای پارێزگای ئەنبار و دەوروبەری بەغدا کرد کە پێکهاتبوو لە ژمارەیەک کەسایەتی و سەرۆک هۆز.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەدا شاندی میوان سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی سەرۆک بارزانی کردووە بۆ پاڵپشتییەکانی لە داواکاری و مافی پێکهاتەکانی عێراق. هەروەها سوپاسی میواندۆستیی خەڵکی کوردستانیان کردووە کە لە کاتی شەڕی تیرۆردا سەدان هەزار ئاوارەیان لەخۆگرتووە.
هەر لەو دیدارەدا، شاندەکە باسیان لە بارودۆخی پارێزگای ئەنبار، ماف و داواکاری و کێشەکانی ناوچەکانیان کردووە و چەندین پێشنیاز و داواکارییان خستووەتەڕوو. داواشیان کردووە هاوسەنگی لە پرۆسەی حوکمڕانی و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا هەبێت و هەماهەنگی و برایەتی لەنێوان پێکهاتەکاندا پتەوتر بکرێت.
لەبەرامبەردا و دوای بەخێرهێنانی شاندەکە، سەرۆک بارزانی لە وتەیەکدا تیشکی خستووەتە سەر ئەو هەڵە و پێشێلکارییانەی کە دوای رووخانی رژێمی پێشوو ئەنجامدراون. جەختیشی کردووەتەوە، پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا کاتێک سەرکەوتوو دەبێت کە هەموولایەک پابەندی دەستوور و پرەنسیپەکانی هاوبەشی، سازان و هاوسەنگی بن.
سەرۆک بارزانی هەروەها باسی لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق و چۆنیەتی پاراستنی وڵات لە هەڕەشە و ئاستەنگەکان کردووە.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، سەرۆک بارزانی وەڵامی پرسیار و تێبینییەکانی ئامادەبووانی داوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ