رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی دانەوێڵەی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، لە هێرشەکانی ئیسرائیدا دوو ناوەندی خزمەتگوزاریی کشتوکاڵ کراونەتە ئامانج، بەڵام وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران بەردەوامە.
رۆژی پێنجشەممە، 26ی حوزەیرانی 2025، عەلی مەلکشاهی، بەڕێوەبەری گشتیی دانەوێڵەی پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، "لە سەرەتای وەرزی دروێنەی ئەم ساڵەوە تائێستا 220 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی پارێزگاکە وەرگیراوە."
عەلی مەلکشاهی گوتی: "لە سەرەتای وەرزی دروێنەی ئەم ساڵەوە 5 سایلۆی حکومی و 37 سایلۆی تایبەت و 10 ناوەندی هاوکاریی گوندنشینان لە پارێزگاکە گەنمی جووتیارانیان وەرگرتووە و وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران تاوەکو کۆتایی مانگی ئەیلوول بەردەوام دەبێت."
بەڕێوەبەری گشتیی دانەوێڵەی پارێزگای کرماشان ئاماژەی بەوەشکرد، "لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا دوو ناوەندی خزمەتگوزاریی کشتوکاڵ لە پارێزگاکە کراونەتە ئامانج، بەڵام کارەکان نەوەستاون وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران بەردەوامە."
عەلی مەلکشاهی گوتیشی: "تائێستا یەک تریلیۆن تمەن (12 ملیۆن دۆلار) پارەی گەنمی جووتیاران دابەش کراوە، دابەشکردنی پارەی گەنمیش بەردەوام دەبێت."
ئەم ساڵ لە رووبەری 445 هەزار هێکتار لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی پارێزگای کرماشان گەنم چێندراوە کە 105 هەزار هێکتاری( دۆنم) بەرئاو و 340 هەزار هێکتاری دێمی بووە.
پار پارێزگای کرماشان بە پلەی پێنجەمی ئێران هات لە رووی بەرهەمی گەنم و یەک ملیۆن و 85 هەزار تۆن بەرهەمی هەبوو. لەو بڕەش زیاتر لە 825 هەزار تۆن گەنم لە لایەن حکومەتەوە لە جووتیاران وەرگیرا.
حکومەتی ئێران بریاری داوە، ئەم ساڵ هەر کیلۆیەک گەنم بە 20 هەزار و 500 تمەن (نزیکەی 25 سەنت) لە جووتیاران بکڕێتەوە. ساڵی رابردوو، حکومەت هەر کیلۆیەک گەنمی بە 17 هەزار و 500 تمەن (ئەو کات دەیکردە 24.5 سەنت و ئێستا دەکاتە 21 سەنت) لە جووتیاران کڕی.
بەگوێرەی وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران، ساڵی 2024 بەرهەمهێنانی گەنم لەو وڵاتە گەیشتە نزیکەی 15 ملیۆن تۆن و حکومەت زیاتر لە 12.5 ملیۆن تۆن گەنمی لە جووتیاران کڕی. پێشبینی دەکرێت بەرهەمهێنانی گەنم بۆ ئەم ساڵ لە ئێران بگاتە 11 ملیۆن تۆن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ