سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنەکان تاوتوێی دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردن دەکات

26-07-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەسەر فەرمانی نێچیرڤان بارزانی و بەمەبەستی وەرگرتنی بۆچوونی لایەنە سیاسییەکان بۆ دەستنیشانکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، شاندێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەردانی لایەنە سیاسییەکان دەکات.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 26-07-2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، شاندێکی باڵای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەرنامەی زنجیرەیەک سەردانیان بۆ لای لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە. دەشڵێت، ھێز و لایەنە سیاسییەکان پێشوازییان لەو ھەنگاوەی نێچیرڤان بارزانی کردووە و ئامادەییان بۆ پشتیوانیکردن لە ھەنگاوەکە و پاڵپشتییان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە، نیشانداوە.
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "لە دیدارەکانیاندا حیزب و لایەنەکان ھەوڵەکانی بەڕێز سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیان لەپێناو یەکڕیزيی ناوخۆیی و یەکھەڵوێستی و یەکگوتاريی سیاسی لە ئاست پرسە چارەنووسسازەکاندا، بە گرنگ و خەمخۆرانە وەسف کردووە."
 
شاندەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەردانی تەواوی حیزب و لایەنە سیاسییەکان دەکات. لەوبارەوە دڵشاد شەهاب دەڵێت، پاش کۆکردنەوەی بیروڕاکانیان، نێچيرڤان بارزانى فه‌رمانى ھەرێمی بۆ دەستنیشانکردنی وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەردەکات.
 
لە دوای بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی نایاساییبوونی درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کورستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی دەستپێکرد بە ئاراستەی پڕکردنەوەی بۆشایی یاسایی لە ھەرێمی کوردستان و ئامادەسازی بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.
 
لەو چوارچێوەیەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی لە عێراق بانگھێشت کرد تاوەکو بە زووترین کات ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان بکرێت و وادەیەکی بۆ دەستنیشان بکەن.
 
ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەیی نیشانداوە کە لە دوای 18-02-2024ـەوە، ئامادەن پرۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببەن و پێش ئەو وادەیە، ناتوانن پرۆسەکە بەڕێوەببەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.