رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پاراستنی ژینگەی مهاباد لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، لە پێنج مانگی رابردوودا زیاتر لە 90 هەزار گەشتیار سەردانی ئەشکەوتی سەهۆڵانی مهابادیان کردووە.
رۆژی دووشەممە، 25ـی ئابی 2025، فارووق سلێمانی رایگەیاند، رێکخراوی پاراستنی ژینگە بە هاوکاری زانکۆی ورمێ، ماستەرپلانی ئەشکەوتی سەهۆڵانی ئامادە کردووە و تێیدا ئاسۆی گەشەپێدان و توانا گەشتیارییەکانی ئەشکەوتەکە بەبێ لەنێوبردن یان زیانگەیاندن بەم شوێنەوارە سرووشتییە نیشتمانییە دیاریکراون و بڕیارە دوای پێداچوونەوە و نەهێشتنی کەموکوڕییەکانی، ماستەرپلانەکە جێبەجێ بکرێت.
بەڕێوەبەری پاراستنی ژینگەی مهاباد ئاماری گەشتیارانی ئەم ساڵی ئەشکەوتەکەی خستەڕوو و گوتی، لە نەورۆزی ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 90 هەزار گەشتیاری نێوخۆیی و بیانی سەردانی ئەشکەوتی سەهۆڵانیان کردووە.
بە گوتەی فارووق سلێمانی، پار زیاتر لە 200 هەزار گەشتیار سەردانی ئەشکەوتەکەیان کردووە.
گوتیشی، ئێستا 13 بەلەم و 6 تیمی فریاکەوتن لە ئەشکەوتی سەهۆڵان جێگیر کراون و خزمەتی پێویست پێشکەشی گەشتیاران دەکەن.
ئەشکەوتی سەهۆڵان بە دووری 42 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی شاری مهاباد و لەسەر رێگەی بۆکان هەڵکەوتووە. شوێنەواری سەتەی سێیەمی پێش زایینی لێ دۆزراوەتەوە. پێشتر لەنێو خەڵکی ناوچەکەدا بە کونە کۆترە بەنێوبانگ بوو. لە ساڵی 2000ـەوە کراوەتە شوێنێکی گەشتیاری و دەرفەتی کاری بۆ ژمارەیەک لە دانیشتووانی گوندی سەهۆڵان رەخساندووە.
سەهۆڵان لە ئاستی ئێراندا دوای ئەشکەوتی عەلیسەدری هەمەدان، دووەم ئەشکەوتی ئاویی گەورەیە.
مەودای وشکانیی ئەشکەوتی سەهۆڵان 250 مەتر و مەودا ئاوییەکەی 300 مەترە. نێو ئەشکەوتەکە کۆتر و شەمشەمەکوێرەی تێدایە. سەرچاوەی ئاوەکەی کانیاوی بن ئەشکەوتەکەن و قووڵییەکەی لە هەندێک شوێن دەگاتە 62 مەتر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ