چارەنووسی 'عەمشات' لە عەفرین نادیارە؛ داوای دەرکردنی گرووپەکە دەکرێت

26-08-2025
خالید جەمیل
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

دوای شەڕ و پێکدادانێکی چەکداری لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی گشتی و گرووپی 'عەمشات'، گرژی و ئاڵۆزی باڵی بەسەر شارۆچکەی شیێی سەر بە عەفریندا کێشاوە. 
 
سەرەڕای ئەوەی مۆڵەتی هەفتەیەک بە گرووپەکە دراوە بۆ چۆڵکردنی ناوچەکە، بەڵام سەرچاوەکان بۆچوونی جیاوازیان لەسەر دۆخی ئێستا هەیە و چارەنووسی گرووپەکە نادیارە.
 
رووداوەکانی ئەم دواییەی شارۆچکەی شیێ لە عەفرین، هیوایەکی بۆ دانیشتووانی ناوچەکە دروستکرد کە گرووپی چەکداریی "عەمشات" ناوچەکەیان بەجێبهێڵێت، بەڵام دۆخەکە هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە و چارەنووسی مانەوە یان رۆیشتنی ئەو گرووپە نادیارە.
 
سەرەتای گرژییەکان
 
پارێزەر و مافناس، ئیبراهیم شێخۆ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێوارەی یەکشەممە، 24-08-2025، شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی ئاسایشی گشتی و گرووپی چەکداریی فیرقەی سلێمان شا، ناسراو بە 'عەمشات'، لە ناوەندی شیێ روویدا."
 
بە گوتەی شێخۆ، زیاتر لە 200 ئۆتۆمبێلی سەربازیی هێزەکانی ئاسایشی گشتی لە عەفرین، ئیدلب و ئەعزازەوە بە چەکی مامناوەندەوە چوونەتە ناوچەی شیێ کە لەژێر کۆنترۆڵی گرووپی "عەمشات"دایە بە فەرماندەیی محەممەد جاسم (ئەبوو عەمشە).
 
ئیبراهیم شێخۆ گوتی: "کاتێک هێزەکانی ئاسایش چوونە ناو شارۆچکەکە، داوایان لە چەکدارانی عەمشات کرد بنکەکانیان رادەست بکەن، بەڵام سەیف جاسم، برای ئەبوو عەمشە، رەتیکردەوە و رووبەڕوویان بووەوە، ئەمەش بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕ."
 
مۆڵەتی هەفتەیەک بۆ کشانەوە
 
دۆخەکە دوای گفتوگۆ لە نێوان هەردوولادا ئارام بووەوە. ئیبراهیم شێخۆ دەڵێت: "بڕیار دراوە کە گرووپی عەمشات لە ناوچەکە بچێتە دەرەوە و مۆڵەتی هەفتەیەکیان پێدراوە تاوەکو شیێ چۆڵ بکەن."
 
مستەفا شێخۆ، چالاکڤانی مەدەنی و خەڵکی شیێ، بە رووداوی گوت: "زانیاری هەبوو کە ئەبوو عەمشە خۆی هاتووەتە شیێ و بڕیارە براکەی، سەیف جاسم، دەستگیر بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا دەستگیرکردنەکەی پشتڕاست نەکراوەتەوە." 
 
ناوبراو جەختی کردەوە کە "بەپێی زانیارییەکان، لە ماوەی هەفتەیەک بۆ 10 رۆژدا، هیچ چەکدارێک جگە لە هێزەکانی ئاسایش لە شیێ نامێنێت."
 
هەروەها ئەحمەد حەسەن، سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە عەفرین، بە رووداوی گوت: "راستە کاروانێکی گەورەی هێزەکانی ئاسایش هاتنە ناوچەکە، بەڵام ئەو هێزە نوێیانەی رۆژی یەکشەممە هاتبوون، کشاونەتەوە و گەڕاونەتەوە. ئێستا تەنیا ئەو هێزانەی ئاسایش لە شیێ ماون کە پێشتریش هەر لەوێ بوون."
 
ئەحمەد حەسەن ئاماژەی بەوەش کرد، "گرووپی عەمشات هێشتا لە ناوچەی شیێیە و نەکشاوەتەوە." هەروەها گوتی، "دیدارێک لە نێوان هەردوولادا کراوە، بەڵام وردەکاری و دەرئەنجامەکانی ئەو دیدارە نازانرێت."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، گرژییەکان کاژێر 07:00ـی ئێوارەی یەکشەممە دەستیانپێکرد، کاژێر 09:00ـی شەو تووندتر بوون و تاوەکو نزیکەی کاژێر 11:00 هێور بوونەوە. لە رۆژی دووشەممەوە دۆخەکە ئارامە، بەڵام چاوەکان لەسەر ئەو مۆڵەتە هەفتەییەیە کە بە گرووپی "عەمشات" دراوە.
 

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە