حکومەتی عێراق حەوزەکانی ماسی لە داقووق تێکدەدات؛ بژێویی 75 هەزار کەسی لەسەرە و زۆرینەیان کوردن

26-09-2023
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
حەوزێکی ماسی لە داقووق
حەوزێکی ماسی لە داقووق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی عێراق بڕیاریداوە لە نێوەڕاستی مانگی داهاتوو، نزیکەی سێ هەزار حەوزی بەخێوکردنی ماسی لە سنووری داقووق تێکبدات کە خاوەنی 80٪ـی حەوزەکان کوردن و بژێویی زیاتر لە 75 هەزار کەسی لەسەرە. بەغدا سوورە لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکەی، ئەمەش خاوەن حەوزەکانی بەخێوکردن ماسی ناچار کردووە حەوزەکانیان بەتاڵ بکەن و ماسییەکانیان هەرزانفرۆش بکەن.
 
رێبوار جەلال حەوزی بەخێوکردنی ماسی هەیە و دەڵێت، "وەرزی هەڵگرتنەوەی ماسی لەلای ئێمە دوای سەری ساڵە، بەدیاریکراوی مانگی یەک و دوو، ئێستا کێشی ماسییەکانمان لە کیلۆگرامێک کەمترە، لەم کات و ساتەدا بیخەینە بازاڕەوە زەرەر دەکەین، ئەگەر ماسییەک کێشەکەی دوو کیلۆ و نیو بێت، بە شەش هەزار دینار دەیفرۆشین، بەڵام ئەگەر نیو کیلۆ بێت، بە سێ هەزار یاخود کەمتر دەیفرۆشین."
 
شوان تاهیر، خاوەن حەوزی بەخێوکردنی ماسییە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "خەڵکێکی زۆر زۆر لەم سنوورەی ئێمە تووشی قەرزداری دەبێت، چونکە ئەوەی هەیانە و نیانە لە کاری ماسی و بەخێوکردنی ماسی خەرجیان کردووە، ئەگەر ئەوان لە 15-10 ئەم حەوزانە بڕوخێنن، خەڵک کیلۆیەک ماسی بە هەزار دیناریش ناکڕێت."
 
زۆربەی حەوزەکانی بەخێوکردنی ماسی دەکەوێتە گوندی یەنگیجەی تاڵەبانی لە داقووق، بژێویی ژیانی نزیکەی 75 هەزار کەسی سنوورەکە لەسەر حەوزەکانی بەخێوکردنی ماسییە و بۆ چەندین پارێزگای عێراق ماسی هەناردە دەکەن.
 
رەمەزان مەجید، موختاری گوندی یەنگیجە دەڵێت، "نزیکەی سێ هەزار حەوزی بەخێوکردنی ماسی لە داقووق هەیە، تائێستا 360 حەوز رووخێندراوە، بەهۆیەوە چەندین خێزان بێ کار و بژێوی مانەوە، هەر حەوزێک ژیانی نزیکەی 200 کەسی لەسەرە و مووچەی لە حکومەت نییە، ئەمە هاوکارییە بۆ حکومەت، زەویی حەوزەکان موڵکی خەڵکە، ئاو و کارەباش موڵکی حکومەتە، با بە پارە پێیان بدات، بۆ دەیڕوخێنێت؟".
 
هەر حەوزێکی بەخێوکردنی ماسی، زیاتر لە پێنج هەزار ماسی تێدایە و تێچووی دروستکردنەکەی 80 بۆ 85 ملیۆن دینارە. فەرمانگەی سەرچاوە ئاوییەکانی کەرکووک سوورە لەسەر تێکدانی حەوزەکان.
 
زەکی کەریم، بەڕێوەبەری فەرمانگەی سەرچاوە ئاوییەکانی کەرکووک گوتی، "دوایین کاتی دیاریکراو کە بە نووسراوێکی فەرمی لە وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانەوە بۆمان هاتووە، پابەندین بە رووخاندنی حەوزەکان لە رۆژی 15ـی مانگی داهاتوو، چەند جارێک ئەو کارە دواخراوە تاوەکو خاوەن حەوزەکان بەرهەمەکانیان ساخ بکەنەوە و ئێستا بڕیار و رێنمایی روون هەیە و ئێمەش بۆ جێبەجێکردنی هەنگاو دەنێین."
 
تێکدانی حەوزەکانی بەخێوکردنی ماسی لە کەرکووک، وێڕای کردنەوەی دەرگە بەڕووی هاوردەکردنی ماسیی بیانی، مەترسیی چۆڵکردنی گوندە کوردەکانی سنووری داقووقی لێکەوتووەتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی: چاودێری ئەو پارەیە دەکەین کە بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو کۆدەکرێتەوە

سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو پارەیەی لە هەڵمەتی رووداو بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ کۆکراوەتەوە، دەچێتە سەر هەژمارێکی بانکیی حکومی و وەک داهاتی گشتی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و بە شەفافی بەڕێوەدەبرێت.