رووداو دیجیتاڵ
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی پارتی دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، بڕیارە رۆژی پێنجشەممە، 30ی تشرینی یەکەمی 2025 ئەندامانی شاندی ئیمراڵی لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا کۆببنەوە.
دەم پارتی لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت: ئەندامانی شاندەکە پەروین بوڵدان و میتحات سەنجەرن و لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆببنەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، کاتی کۆبوونەوەکە لە داهاتوو رادەگەیێنرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ پەکەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا بڕیاری کشانەوەی گەریلاکانی لە تورکیا راگەیاند.
بڕیارەکەی پەکەکە بە "هەنگاوێکی نوێ" سەیر دەکرێت بۆ پێشڤەبردنی پرۆسەی ئاشتی (چارەسەری).
لەدوای خوێندنەوەی راگەیێندراوی بڕیارەکەی پەکەکە؛ سەبری ئۆک، ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: ئەوان هەنگاوی کردارییان ناوە و داوای لە حکومەتی تورکیا کرد، "یاسای تایبەت دەربکەن بۆ پرۆسەی ئاشتی نەوەکو یاسای لێخۆشبوون".
ئەو بەرپرسەی کەجەکە داوای لە حکومەتی تورکیا کرد هەر بەرپرسیارییەتییەک کە دەکەوێتە سەر شانی جێبەجێی بکات.
پڕۆسەی ئەمجارەی چارەسەری لە تورکیا، لە 1ـی تشرینی یەکەمی پار دەستیپێکرد، دواتر عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێ و چەک دابنێت. پەکەکەش لە ئایاری ئەم ساڵدا بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا. رۆژی 11ـی تەممووزی ئەم ساڵیش 30 گەریلای پەکەکە بەشێوەیەکی سیمبوولی چەکەکانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی سووتاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ