رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە گرانکردنی نرخی کارەبا و کەمبوونەوەی لە وەزری زستان دەکەن و دەڵێت، "نە نرخی کارەبای 24 کاژێری زیاد دەبێت، نە کارەباش کەم دەبێتەوە."
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "پڕۆژەی رووناکی و کارەبای 24 کاژێری هیچ کێشەیەکی نییە، ئەگەر کێشەیەکی تەکنیکیش هاتە پێشەوە پشت بە موەلیدەکان دەبەستین، تاوەکو کێشە تەکنیکییەکان چاک دەکەینەوە."
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەش دا، ئەوان لەسەر دوو ئاست کار دەکەن، ئاستی یەکەمیان ئەو شوێنانەی کارەبای 24 کاژێرییان هەیە، ئەگەر کێشەیەکیان هەبوو زوو چارەسەری بکەن، ئاستی دووەمیش ئەوەیە کە پرۆژەی رووناکی فراوانتر بکەن.
ئومێد ئەحمەد دەڵێت، پرۆژەی رووناکی و وەزارەتی کارەبا گرێبەستیان لەگەڵ موەلیدەکان هەیە، بۆئەوەی لەو کاتانەی کێشەی کارەبا دروستبوو، راستەوخۆ کار بکەن؛ لەم حاڵەتەشدا خەڵک پارە نادات بە موەلیدەکان، بەڵکو حکومەت خۆی تێچووی ئەو چەند کاژێرەی کارکردنی موەلیدەکان دەدات.
یەکێک لەو کێشانەی کە گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا باسی دەکات و دەڵێت رەنگە تووشیان ببێت، پچڕانی گازی وێستگەکانە، ئەویش بەهۆی هێرشەوە یان بەستنی یەکێک لە قفڵەکانی غاز بەهۆی دابەزینی پلەی گەرماوە. لەو دۆخەشدا تاوەکو کێشەکە چارەسەر دەکرێت، پەنا بۆ موەلیدەکان دەبەن.
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە 26-10-2025 لە راگەیێندراوێکدا هەواڵی "کەناڵێکی راگەیاندن"ی لەسەر پڕۆژەی کارەبای 24 کاژێری رەتکردەوە و رایگەیاند، "ئەم پرۆژە خزمەتگوزارییە یەکێک لە دەستکەوت و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، رۆژ لەدوای رۆژ فراوانتر دەبێت و تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە."
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەی ئەو وەزارەتەدا ئاماژە بەوە کراوە، "بڵاوکردنەوەی هەواڵی چەواشەکاری لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا، یاریکردنە بە هەست و سۆزی هاووڵاتییان."
هاوکات وەزارەتی کارەبا دەڵێت، بە مافی یاسایی خۆی دەزانێت لە دادگە "سکاڵا دژی ئەو کەناڵانە تۆمار بکات کە هەواڵی ناڕاست و دوور لە بنەماکانی راگەیاندن بڵاودەکەنەوە."
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکیدا، کارەبای 24 کاژێریی بۆ بەشێکی زۆری هاووڵاتییان دابین کردووە. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 115 هەزار موڵکی بازرگانی و چوار ملیۆن هاونیشتمانی لە زیاتر لە 350 گەڕەک لەو پڕۆژەیە سوودمەند بوون، کە بووەتە هۆی کوژاندنەوەی زیاتر لە 3200 موەلیدەی ئەهلی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ