رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، زیاتر لە 27 هەزار ئاوارە لە هەرێمی کوردستان دەنگ دەدەن، کە زۆرترینیان لە پارێزگای دهۆکن و کەمترینیان لە پارێزگای سلێمانین.
ئەو ئاوارانەی ناویان لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە یان مامەڵەکانیان تەواو نەبووە، دەبێت بۆ دەنگدان بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان و ناتوانن لێرە دەنگ بدەن.
رۆژی یەکشەممە، 26ـی تشرینی یەکەمی 2025، نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەپێی یاسای هەڵبژاردن، تەنیا ئەو ئاوارانەی لە هەرێمی کوردستان خۆیان تۆمار کردووە دەتوانن دەنگ بدەن، ئەوانەی دیکە دەبێت بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، بە پێچەوانەوە دەنگەکانیان دەفەوتێت."
بەپێی ئامارێکی ناوەندیی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کە بە رووداو دراوە، لە هەرێمی کوردستان 855 هەزار و 246 ئاوارە و پەنابەر هەن، کە دەکاتە 198 هەزار و 133 خێزان.
بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "لەم ژمارەیە، 27 هەزار و 52 کەس دەتوانن لە هەرێمی کوردستان دەنگ بدەن."
"کەمترین ئاوارە لە پارێزگای سلێمانی دەتوانن دەنگ بدەن"
بە گوتەی نەبەرد عومەر، زۆرترین ئاوارە لە پارێزگای دهۆک دەنگ دەدەن، کەمترینیش لە پارێزگای سلێمانییە، کە پێنج ئاوارەن و لە یەک بنکە و یەک وێستگە دەنگ دەدەن، چونکە کەمترین رێژەی ئاوارە لەو پارێزگایە ماونەتەوە.
بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان گوتی: "لە پارێزگای هەولێر 547 کەس لە سێ بنکە و سێ وێستگە دەنگ دەدەن."
"زۆرترین ئاوارە لە دهۆکن و بەشێکیان دەنگیان دەفەوتێت"
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک، نزیکەی 280 هەزار ئاوارە لە دەرەوە و ناوەوەی کەمپەکان هەن.
وەکو بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان باسی کرد: "زۆرترین دەنگدەر لە پارێزگای دهۆک تۆمارکراون کە 26 هەزار و 500 کەسن و لە 23 بنکە و 93 وێستگە دەتوانن دەنگ بدەن."
دوێنێ، پیردەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک بە رووداوی راگەیاند: "کۆمیسیۆنی عێراق ناوی بەشێکی زۆری ئاوارەکانی گەڕاندووەتەوە شنگال، لە کاتێکدا خۆیان لە دهۆک ناویان تۆمار کردبوو و مامەڵەکانیشیان تەواو ببوو، بەڵام ناوی ئەندامانی بەشێکی زۆری خێزانەکان کراون بە دوو بەشەوە؛ هەندێکیان ناویان لە دهۆک گەڕاوەتەوە و هەندێکی دیکەیان لە شنگال، چۆن دەبێت لە یەک خێزاندا شتی وا رووبدات؟".
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک کێشەکەی بە "سیاسی" ناوبرد و رایگەیاند: "20٪ی ئەو ئاوارانەی مافی دەنگدانیان هەیە و خۆیان لە دهۆک تۆمار کردووە، ناویان بۆ شنگال و گوندەکانی دەوروبەری گەڕاوەتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی زیانێکی زۆر و دەنگی بەشێکی زۆریان دەفەوتێت."
ئاوارەکانی شنگال لە پارێزگای دهۆک لە 14 کەمپ و شوێنی جیاواز نیشتەجێکراون و بەشێکیشیان لە دەرەوەی کەمپەکان لە سنووری پارێزگاکە دەژین.
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11-11-2025 بەڕێوەبچێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320ـیان گشتییە و 9ـەکەی دیکەیان کۆتان. زیاتر لە 7 هەزار کەسیش خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکە بەربژێر کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ