رووداو دیجیتاڵ
پەکەکە بڕیاری دا گەریلاکانی لە باکووری کوردستان و تورکیا بکشێنێتەوە. بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دەڵێ: ''لەوانەیە پەکەکە چاوەڕوان بێ کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا هەنگاوی دیکە بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری بنێت.'' بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداویش باس لەوە دەکات، کشانەوەی گەریلا رێخۆشکەر دەبێ بۆ کرانەوەی زیاتر لە پڕۆسەکەدا.
ئەمڕۆ یەکشەممە 26-10-2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بناری قەندیل لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەموو هێزەکانی گەریلا لە تورکیا دەکشێنێتەوە؛ گوتیشی، بەشێکیشیان بە تەواوی کشاونەتەوە بۆ باشووری کوردستان.
''پەکەکە چاوەڕوانە کۆمیسیۆنی پەرلەمان هەنگاوی یاسایی بنێت''
هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو سەبارەت بە بڕیارەکەی پەکەکە رایگەیاند: ''ئەمە هەنگاوێکی گرنگە کە دوای چەکدانانی 30 گەریلاکەی پەکەکە و پێکهێنانی کۆمیسیۆنێک بۆ چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا دێت، چونکە رای گشتی و حکومەتی تورکیا چاوەڕێ بوون پەکەکە هەنگاوێکی جیدیتر بنێت.''
یەکێک لە داخوازییەکانی پەکەکە لە چوارچێوەی پڕۆسەی چارەسەریدا ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلانە. هۆشیار سیوەیلی دەڵێت: ''پەکەکە پێیوایە بەبێ ئازادبوونی رێبەرەکەی، پڕۆسەی ئاشتی ناتەواوە، بەڵام لەوانەیە لە قۆناخی ئێستادا ئەمە کارێکی ئاسان نەبێ.''
بەگوتەی بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی، لەوانەیە پەکەکە ئێستا چاوەڕێی هەنگاوێکی جیدیتر بێ لە کۆمیسیۆنی پەرلەمان ''بۆ ئەوەی هان بدرێن بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی چارەسەری هەنگاوی دواتریان بنێن.''
''پێشبینی چاکسازیی یاسایی دەکرێ''
11ـی تەممووز لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە سنووری قەزای دووکان لە پارێزگای سلێمانی، 30 گەریلای پەکەکە وەک "نیازپاکی" بۆ سەرخستنی پڕۆسەی چارەسەری چەکەکانیان سووتاند.
حەسەن ئۆکتای، سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی قەوقاز، میوانی بووڵتەنی کاژێر 11:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە نالین حەسەن پێشکێشیکرد و رایگەیاند، دوای بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و رێوڕەسمەکەی تایبەت بە سووتاندنی چەک، کشانەوەی پەکەکە لە تورکیا ''چاوەڕوانکراو'' بوو.
حەسەن ئۆکتای دەڵێت، کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیا کە تایبەت بە سەرخستنی پڕۆسەی چارەسەری پێکهێندراوە، سەرجەم کۆبوونەوەکانی خۆی بەڕێوەبردووە و ''بڕیاری کشاندنەوەی هێزەکانی پەکەکە لە تورکیا لە چوارچێوەی کاری کۆمیسیۆنەکەدا بوو.''
پێکهێنانی ئەو کۆمیسیۆنەی پەرلەمانی تورکیا لەسەر پێشنیازی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بوو. یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی کۆمیسیۆنەکە بریتییە لە پێشکێشکردنی پێشنیاز بە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری.
سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی قەوقاز هەڵوێستەکەی پەکەکە بە ''زۆر گرنگ'' دەزانێت و دەڵێت، ''لە داهاتوودا پێشبینیی چاکسازیی یاسایی دەکرێت و ئێستا لە پەرلەمانی تورکیا کار بۆ لێبووردنی گشتی دەکرێ. پێویستە لە رۆژانی داهاتوودا لێبووردنێکی گشتی رابگەیێندرێت.''
حەسەن ئۆکتای لەبارەی هەنگاوەکەی پەکەکە گوتی: ''روونە کە پێشتر دانوستاندن کراوە و [ئاکپارتی] لە بڕیاری کشاندنەوەی هێزەکانی پەکەکە لە تورکیا ئاگادار بووە و بەردەوام لەسەر بەرەوپێشبردنی پڕۆسەکە [لەگەڵ پەکەکە] گفتوگۆ دەکەن.''
هاوکات زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشیکرد، لەبارەی هەنگاوە نوێیەکەی پەکەکە رایگەیاند، کشانەوەی پەکەکە دەتوانێت رێخۆشکەر بێ بۆ کرانەوەیەکی زیاتر لە قۆناخی پڕۆسەی چارەسەریدا و رێگریش بێت لە تێکدانی پڕۆسەکە.
زریان رۆژەڵاتی گوتی: ''چاوەڕان دەکرێ لە مانگی 11ـی ئەم ساڵدا هەندێک گۆڕانکاریی یاسایی و سیاسی لە تورکیا بکرێن.''
یەکی تشرینی یەکەمی 2024، دەرگای پەرلەمانی تورکیا لە وەرزێکی نوێدا واڵاکرا. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد.
ئەو رووداوە رۆژەڤی پرۆسەیەکی چارەسەریی پرسی کوردی لە تورکیا هێنایە بەرباس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ