هەڵگورد شێخ نەجیب: داهاتی سۆران بۆ پڕۆژەکانمانە و متمانەمان لای بەڵێندەران دروستکردووە

26-10-2025
ئەحمەد حەمید
ئەحمەد حەمید
 هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاند، پرۆژەکانی سنوورەکەیان لەسەر داهاتی نێوخۆ دەکەن. دەشڵێت، ئەو متمانەیەی لە نێوان ئیدارەی سنوورەکە و بەڵێندەران دروست بووە هۆکارێکە بۆ بەردەوامبوونی پڕۆژەکان.
 
بڕیارە بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بکرێتەوە، کە "بەرزەپردی دەروازەی سۆران"ـە. سەرپەرشتیاری ئیدارەکە دەڵێت، ئەم پڕۆژەیە سیمایەکی جیاواز بە دەروازەی سۆران دەبەخشێت و کاریگەرییەکی "زۆر باشی" لەسەر کەمکردنەوەی قەرەباڵخی هاتووچۆ دەبێت. 
 
بە گوتەی هەڵگورد شێخ نەجیب، سەردانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند پڕۆژەیەکی دیکەی وەک شەقامی 30 مەتری و 40 مەتریش دەگرێتەوە، کە بەشێکن لە پلانی فراوانکردنی ژێرخانی رێگاوبان لە سنوورەکە، چونکە "سۆران ناوچەیەکی گەشتیاریی گرنگە و پێویستی بە ژێرخانێکی بەهێزە."
 
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئاماژەی بەوەدا یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی گرنگیدان بە پڕۆژەکانی رێگاوبان لە سنووری سۆران، ئەو گەشە خێرایەیە کە ناوچەکە لە رووی ژمارەی دانیشتووان، ئۆتۆمبێل و جموجووڵی بازرگانی و گەشتیارییەوە بەخۆیەوە بینیویەتی. 
 
هەڵگورد شێخ نەجیب، گوتی، "پێشتر لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە هەموو قەزا و ناحیەکانییەوە، 100 ئۆتۆمبێلی لێ نەبوو، بەڵام ئێستا تەنیا لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سۆران 100 هەزار ئۆتۆمبێل تۆمارکراون."
 
دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران دەکەوێتە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، هەڵگورد شێخ نەجیب گوتی: "ئەو دەروازەیە و هاتنی رێژەیەکی زۆری گەشتیار بۆ هاوینەهەوارەکانی وەک بێخاڵ و گەلی عەلی بەگ، گوشارێکی زۆری لەسەر ئەو رێگە کۆنانە دروستکردبوو کە چیدی توانای هەڵگرتنی ئەو هەموو هاتووچۆیەیان نەمابوو. بۆیە دەستمان بە پڕۆژەی دووسایدی سپیلک-خەلیفان کرد بۆ بەستنەوەی سۆران بە هەولێری پایتەخت."
 
بۆچی پڕۆژەکان لە سنووری هەولێر و دهۆک بەردەوامن، بەڵام لە سلێمانی و گەرمیان و راپەڕین وەستاون؟ هەڵگورد شێخ نەجیب رەتیکردەوە جیاوازی لە دابەشکردنی بودجەدا هەبێت و گوتی، "ستەمێکی زۆر دەکرێت. پلانی دابەشکردنی بودجە لە وەزارەتی پلاندانان دادەنرێت کە وەزیرەکەی سەر بە یەکێتییە و دواتر دەچێتە وەزارەتی دارایی کە وەزیرەکەی سەر بە بزووتنەوەی گۆڕانە، ئەوانیش پارەی بۆ تەرخان دەکەن. تاوەکو ئێرە کێشە نییە."
 
هەڵگورد شێخ نەجیب کێشەکە بۆ "نەبوونی نەختینە و شێوازی بەڕێوەبردنی داهاتی ناوخۆ" دەگەڕێنێتەوە و روونیکردەوە، "ئەو پرسیارە دەبێت ئاراستەی بەرپرسانی ئەو ناوچانە بکرێت. با بپرسن بۆچی لە سنووری هەولێر، دهۆک، زاخۆ و سۆران پارە هەیە، بەڵام لە سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین نییە؟ وەڵامەکەی ئەوەیە کە داهاتی ناوخۆی سنووری ئێمە، لە سۆران دەمێنێتەوە و بۆ خزمەتی خەڵک و جێبەجێکردنی پڕۆژەکان بەکاردەهێنرێت. دەبێت ئەوان وەڵام بدەنەوە کە داهاتی سنوورەکانی خۆیان بۆ کوێ دەچێت و بۆچی بۆ پڕۆژەکان خەرج ناکرێت."
 
هەڵگورد شێخ نەجیب ئاماژەی بەوەکرد، ئەو متمانەیەی لەنێوان ئیدارەی سۆران و بەڵێندەرەکاندا دروست بووە کاریگەری لەسەر پرۆژەکان هەبووە و گوتی، "سەرەڕای ئەوەی حکومەت بڕیاری راگرتنی خەرجکردنی پارەی بۆ پڕۆژەکان دابوو، بەڵام لە سنووری ئێمە پڕۆژە ستراتیژییەکان نەوەستان. هۆکارەکەی ئەوەیە کە بەڵێندەرەکان ئەو باوەڕ و متمانەیەیان پێمان هەیە کە دواجار شایستە داراییەکانیان وەردەگرنەوە. ئەمە وایکردووە تەنانەت ئەگەر سیولەی داراییش کەم بێت، ئەوان لە کارکردن بەردەوام بن."
 
سەبارەت بە کەرتی گەشتیاری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران ئاشکرایکرد کە ماستەرپلانی گەشتیاریی ناوچەکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و یەکێک لە گەورەترین پڕۆژەکانیان، پڕۆژەی کەیبڵکار (تەلەفریک)ە کە "لە بێخاڵەوە دەستپێدەکات و بە چیای کۆڕەکدا سەردەکەوێت، کە درێژییەکەی 11 کیلۆمەترە." 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە