رووداو دیجیتاڵ
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە هەنگاوێکی مێژووییدا کشانەوەی گەریلاکانی لەنێو خاکی باکووری کوردستان و تورکیا راگەیاند. گوتەبێژی باڵی سیاسیی پەکەکە کە بە کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) ناسراوە، دەڵێ، ئەوەی بڕیاری لێدراوە هەنگاوێکی "تاکلایەنەیە".
رۆژی یەکشەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2025 پەکەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بناری چیای قەندیل، بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی لە باکووری کوردستان و تورکیا راگەیاند.
"پیشاندانی جیدییەت" لە لایەن پەکەکەوە
زاگرۆس هیوا، گوتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند، ئامانج لە راگەیێندراوەکەی رۆژی یەکشەممە ئەوە بوو کە "جەختکردنەوە و جیدییەتی" پەکەکە نیشان بدەن کە "بە دڵ و گیان دەمانەوێ ئەم پرۆسەیە بەرەوپێش بچێت."
زاگرۆس هیوا نائومێدیی خۆی لە هەنگاوەکانی حکومەتی تورکیا لەبارەی پرۆسەی چارەسەری دەربڕی و رایگەیاند، هیچ هەنگاوێکی نەناوە، لەوانەش رێگەدان بە قسەکردن بە زمانی کوردی لە پەرلەمان و باشترکردنی دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە.
یەکێک لەو 25 گەریلایەی لە باکووری کوردستان کشاوەتەوە و هاتووەتە نێو هەرێمی کوردستان ناوی نودا ئارینە و دەڵێ: "ئامادەین لەسەر بنچینەی گوتەی رێبەر ئۆجەلان هەنگاو بنێین و هەر کارێک بکەین پێویست بێت بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە سەرکەوتوو بێ."
هەنگاوەکە لە میدیای تورکیا، ناوچەکە و جیهانیش سەرنجی زۆری خرایەسەر.
ئاژانسە فەرمییەکانی تورکیا وەک ئەنادۆڵ و تەرەتە هەواڵەکەیان بەو شێوەیە داڕشت کە کشانەوەکە ئەنجامی راستەوخۆی سیاسەتە سەرکەوتووەکانی حکومەتە بۆ ئەوەی پرۆسەی چارەسەری بە ئەنجام بگات.
رۆژنامەکانی حورییەت و دەیلی سەباحیش بڕیارەکەیان وەک "ئەنجامێکی بەرجەستەی نەخشەڕێگەی حکومەت" ناوبرد.
عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی رایگەیاند، ئەمە "هەنگاوێکی ستراتیژی و مێژووییە بۆ پاراستنی دیموکراسی لە هەموو هەڕەشەکان."
ئاژانسە نێودەوڵەتییەکانی وەک ئەسۆشیەتد پرێس و رۆیتەرز باسیان لە هەنگاوەکە کرد، بەڵام ئاماژەیان بە داواکاری و چاوەڕوانییەکانی پەکەکەش کرد، لەوانەش هەندێک "رێکاری یاسایی و سیاسی" لە بەرامبەر ئەو هەنگاوەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ