رووداو دیجیتاڵ
هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، پارتی هیچ هێڵێکی سووری لەسەر هیچ بەربژێرێک بۆ پۆستە باڵاکانی عێراق لەوانە سەرۆکوەزیران، سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمان نییە و گوتیشی: "پێویستمان بە حکومەتێکی بەهێز و بڕیاردەر هەیە."
رۆژی چوارشەممە، 26ی تشرینی دووەمی 2025 هۆشیار زێباری لە کۆبوونەوەیەکی ئۆنلایندا بە ناونیشانی (هەڵبژاردنەکانی 2025ی عێراق: دواتر چی؟) کە لەلایەن پەیمانگەی (چاتام هاوس)ـوە رێکخرابوو، باسی لە دۆخی دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەڵوێستی پارتی کرد.
لە وەڵامی پرسیارێکی عەلی جاف، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی رووداو، سەبارەت بەوەی ئایا پارتی ڤیتۆی لەسەر هیچ بەربژێرێک هەیە بۆ پۆستە باڵاکان، هۆشیار زێباری گوتی: "هەڵوێستی ئێمە ئەوەیە، ئێمە هێڵێکی سوورمان نییە. مامەڵە لەگەڵ هەر کەسێک دەکەین کە نوێنەرەکانیان هەڵیاندەبژێرن یان دەستنیشانی دەکەن."
هۆشیار زێباری گوتی: "بێگومان چوارچێوەی هاوئاهەنگی گەورەترین بلۆکە، ئەوان سەرۆکوەزیرانی داهاتوو هەڵدەبژێرن و بڕیاری لەسەر دەدەن. بێگومان رێزی ئەوە دەگرین."
ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی جەختی لە پێویستیی بوونی حکومەتێکی بەهێز کردەوە و گوتی: "بۆ عێراق، نەک هەر بۆ کوردستان، ئێمە پێویستیمان بە حکومەتێکی بەهێز هەیە، حکومەتێکی بڕیاردەر کە هەنگاو بنێت لەبارەی ئاڵنگارییەکان، خزمەتگوزارییەکان، ئاسایش، ئابووری و پرسی دارایی ساڵانە کە رووبەڕووی وڵاتەکە دەبێتەوە."
کۆبوونەوەکەی چاتام هاوس بۆ تاوتوێکردنی دەرئەنجامە سیاسی، حکومی و کۆمەڵایەتییەکانی هەڵبژاردنی 2025ی عێراق بوو. لە کاتێکدا هەڵبژاردنەکە هیچ براوەیەکی روونی نەبووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت دژوار بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ