سبەی یەکگرتوو کۆنگرە دەبەستێت؛ بۆچی سەڵاحەدین بەهائەدین دەکەنەوە ئەمیندار؟

26-12-2024
سۆران حوسێن
گفتوگۆی هیوا جەمال و ئەمجەد محەممەد
گفتوگۆی هیوا جەمال و ئەمجەد محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سبەی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کۆنگرە دەبەستێت و بڕیارە دوو رۆژ بخایێنێت. ئەندامێکی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەکە دەڵێت، یەکلابوونەتەوە کە جارێکی سەڵاحەدین بەهائەدین دەکەنەوە ئەمیندار. گوتیشی: "ئەمیندار رەزامەندی بۆ هەڵبژاردنەوەی دەرنەبڕیوە و رەتیشی نەکردووەتەوە".
 
د. ئەمجەد محەممەد، ئەندامی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لەکاتی بەشداریکردن لە رۆژی هیوا جەمال باسی لە کۆنگرەی نۆیەم کرد، گوتی: سرووشتی یەکگرتوو جیا لە حیزبەکانی دیکە، "فکری و پەروەردەییە" و، بەگوێرەی ژمارەی ئەندامەکان سەرکردایەتییەکان دابەش دەکرێن.
 
سەبارەت بە هەڵبژاردنەوەی سەڵاحەدین بەهائەدین بۆ ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو، ئەمجەد محەممەد گوتی، "ئەوە کۆتایی هاتووە" کە جارێکی دیکە دەیکەنەوە ئەمیندار. گوتیشی: "لە کۆنفرانسەکاندا کۆتایی بەوە {هەڵبژاردنەوەی ئەمیندار} هاتووە".
 
پەیڕەوی نێوخۆی ئێستای یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان رێگە بەوە دەدات، کە چەند خولێکی دیکەش سەڵاحەدین بەهائەدین خۆی بۆ پۆستی ئەمیندار بەربژێر بکاتەوە. ئەوەش بەگوێرەی قسەکانی ئامادەکارەکەی کۆنگرەی ئەو حیزبە بۆ رووداو.
 
هیوا جەمال، پێشکێشکاری رووداو لە ئەمجەد محەممەدی پرسی، کە هەموو شتێک یەکلاکراوەتەوە بۆ کۆنگرە دەکەن؟ ئامادەکارەکەی کۆنگرەی یەکگرتوو وەڵامی دایەوە، "بۆچی ئێمە تەنیا وابزانین کۆنگرە بریتییە لە گۆڕینی کەسی یەکەم؟ کە ئەوەشمان ئەزموون کردووە".
 
ئەمجەد محەممەد ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵی رابردوو مامۆستا سەڵاحەدین گوتی نایەوێت ببێتەوە ئەمینداری گشتیی، "بەڵام دوای دواکەوتنی کۆنگرە بەهۆی هەڵبژاردنەوە ئەوە دەرکەوت، کە دەتوانێت یەکگرتوو بەرەو قۆناخێکی ئارامتر ببات".
 
ئەو ئەندامەی ئامادەکاری کۆنگرەی یەکگرتوو گوتی، بەرپرسان و کادیرانی حیزبەکە داوایان لە ئەمینداری گشتیی کردووە کە جارێکی دیکە خۆی بەربژێر بکاتەوە. بە گوتەی ئەو: "مامۆستا سەڵاحەدین ماندووە، ئێستا خەڵات دەبێت بۆی ئەگەر پێی بڵێی بڕۆوە بۆ ماڵەوە".
 
ئەمجەد محەممەد باسی لە هەڵوێستی ئەمینداری یەکگرتوو بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی کرد و گوتی: "بەو بێدەنگییەی کە رەتی نەکردووەتەوە ئومێد هەیە کە پەسندی بکات. تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی فەرمی نەداوە".
 
بۆ بوون بە بەربژێربوون بۆ پۆستی ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو دەبێت پێش کۆنگرە فۆڕمێکی تایبەت پڕ بکرێتەوە. ئەمجەد محەممەد دەڵێ، تاوەکو ئەمڕۆ هیچ کەسێک بۆ پۆستەکە فۆڕمی پڕنەکردووەتەوە.
 
لەم کۆنگرەیەدا، یەکگرتوو بەگوێرەی شارەکان ئەندامانی سەرکردایەتی هەڵدەبژێرێت، پشکی هەموو شارێکیش لە سەرکردایەتیی داهاتووی حیزبەکەدا دەبێت.
 
بۆ کۆنگرە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە شێوازی فرەبازنەیی سەرکردایەتی هەڵدەبژێرن. ئەمجەد محەممەد گوتی، دەنگدانیان بە سێ بازنە دەبێت، بازنەکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک. گوتیشی: "رێکخستنەکانی کەرکووک لەنێو بازنەی هەولێردا دەنگ دەدەن و ئەوانەی هەڵەبجەش لەنێو بازنەی سلێمانیدا".
 
ئەو بەرپرسەی یەکگرتوو ئاماژەی بەشێوازی رێکخستنی داهاتووی حیزبەکەی کرد و گوتی، سەرکردایەتی وەکو خۆی دەمێنێتەوە و پێشنیاز کراوە ئەنجوومەنی باڵا بکرێتە مەکتەبی سیاسی.
 
ئەمجەد محەممەد دەڵێت: "جاران سێ ئەنجوومەن هەبوون و ئەنجوومەنەکان لە مەکتەبی سیاسیدا بوون. ئێستا ئەنجوومەنەکان نەماون، مەکتەبەکان فراوان کراون بۆ 13 مەکتەب. هەموو بەرپرسی مەکتەبەکان دەبنە ئەندامی مەکتەبی سیاسی و راستەوخۆ نزیک دەبنەوە لە سەرچاوەی بڕیاردان".
 
کۆنگرەی نۆیەمی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر دەکرێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق

دامەزرێنەری گووگڵ کراودسۆرس: نووسین بە فۆنتی کۆن زیانێکی گەورە بە پاشەڕۆژی زمانی کوردی دەگەیێنێت

لەکاتێکدا جیهان یادی رۆژی جیهانیی زمانی دایک دەکاتەوە، پسپۆڕانی تەکنەلۆژیا هۆشداری دەدەن لەوەی پاراستنی زمان تەنیا لە رێگەی ئاخاوتنەوە نییە، بەڵکو دەبێت زمانەکە لە جیهانی دیجیتاڵی و ژیریی دەستکرددا جێگیر بکرێت. بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق، لە کاتی بەشداریی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "پاشەڕۆژی زمانی کوردی بەندە بە بوونی داتای پێویست لەسەر ئینتەرنێت."