رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی راگرتنی کارەکانی کۆمپانیای فلای بەغدا، کێشە بۆ سەتان هاونیشتمانی دروستبووە کە لە گەشتی عومرەن لە سعودیە. عومرەکارێک دەڵێت، "گوتوویانە بە پاس بگەڕێنەوە؛ خەڵکیش نەخۆشی پێیە و پارەی فڕۆکەشی داوە؛ بۆیە زۆرینە ئەو پێشنیازە رەتدەکاتەوە".
دیدار دڵشاد، هاونیشتمانییەکە ئێستا لە شاری مەدینەیە لە سعودیە. ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەوان دەبوایە پێنجشەممەی رابردوو بگەڕانایەتەوە هەولێر، بەڵام بەهۆی ئامادەنەکردنی فڕۆکەوە بۆیان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە و ئێستاش دیار نییە کەی دەگەڕێنەوە.
ئەو هاونیشتمانییە گوتی، ئەوانەی لە رۆژانی 15، 16 و 17ـی ئەم مانگە بە فڕۆکە گەیشتوونەتە سعودیە کێشەی گەڕانەوەیان بۆ دروستبووە؛ گوتیشی، "تەنیا گرووپەکەی ئێمە نزیکەی 80 کەسین. هەر فڕۆکەیەکیش نزیکەی 200 عومرەکاری پێبووە؛ واتە زیاتر لە 500 کەسین کە گیرمانخواردووە".
کۆمپانیای فلای بەغدا لەلایەن ئەمریکاوە بە تۆمەتی قاچاخچێتی خراوەتە نێو لسیتی سزاکانییەوە. سەرۆکوەزیرانی عێراقیش وێڕای پێکهێنانی لیژنە، تەواوی کارەکانی کۆمپانیاکەی راگرتووە.
دیدار دڵشاد گوتی، "تاوەکو ئێستا کێشەی شوێنی مانەوەمان نییە. بەرپرسانی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێن، لەسەر کۆمپانیاکانە شوێنی مانەوەتان بۆ دابینبکەن تاوەکو کێشەکەتان چارەسەر دەکرێت".
بە بەشێکی هاونیشتمانیان گوتراوە دەتوانن بە پاس بگەڕێنەوە، بەڵام ناچار نەکراون. ئەو هاونیشتمانییە کە لە شاری مەدینەوە قسەی بۆ رووداو کرد گوتی، "هەندێک کەس هەن کە ناچاربوون و گەڕانەوە بە پاسیان قبووڵ کردووە. خەڵکی زۆریش هەن رەتیدەکەنەوە و دەڵێن نەخۆشیان پێیە. خەڵکمان لەگەڵدایە پارەی پێ نەماوە. بەگشتی پاسیش رێکاری کارگێڕی دەوێت و ئەویش کاتی دەوێت".
بۆ گەیاندنی داوای ئەو هاونیشتمانیانە رووداو چەند جارێک پەیوەندی بە بەرپرسانی باڵای حەج و عومرەی هەرێمی کوردستانەوە کرد، بەڵام بەردەست نەبوون.
کۆمپانیای فلای بەغدا کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانیی عێراقییە و رۆژی 22ـی ئەم مانگە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە بەتۆمەتی گواستنەوەی چەک و چەکدار و بەقاچاخبردنی دۆلار لە عێراقەوە سزای بەسەردا سەپێندرا و خرایە لیستی سزاکانەوە.
دوێنێ فلای بەغدا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "بە ملکەچبوون بە بڕیاری حکومەت و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆمپانیاکە بە تەواوی بە بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانبەران و سەرۆکی جێبەجێکارەوە پابەندی ئەو بڕیارە دەبین کە لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە دەرچووە بۆ راگرتنی سەرجەم گەشتەکان لەم ساتەوە تاوەکو ئەو کاتەی لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ سەرۆکی جێبەجێکار و بەڕێوەبەرێتی کۆمپانیاکە لەلایەن لێژنەی هاوبەشەوە تەواو دەبێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ