کوردستان
ئیبراهیم نەقدیان کە لە شاری سلێمانی بە مام شێر دەناسرا و خەڵکی تاران بوو، ئەمڕۆ کۆچی دواییکرد.
رووداو دیجیتاڵ
ئیبراهیم نەقدیان کە لە شاری سلێمانی بە مام شێر دەناسرا و خەڵکی تاران بوو، ئەمڕۆ کۆچی دواییکرد.
هونەرمەند جەزای ساز، سەرۆکی کۆمەڵەی هونەری میلـلی کوردستان ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئیبراهیم نەقدیان ساڵی 2007 هاتە سلێمانی بۆ لای من؛ لەو کاتەوە لەم شارەدا لە خزمەتکردن بەردەوام بوو. ئەو هونەرمەندە لە بنەڕەتدا خەڵکی تارانی پایتەختی ئێران بوو".
نەقدیان لە سلێمانی بە "مام شێر" بەنێوبانگ بوو، لە زۆرینەی کۆڕە هونەرییەکانی شارەکەدا دەبینرا و لەگەڵ چەندین هونەرمەندی گۆرانیبێژ کاری کردووە.
جەزای ساز کە هاوڕێی نزیکی ئەو هونەرمەندە بووە دەڵێت، "مام شێر دوێنێ هیچ کێشەی نەبوو؛ شەوی رابردوو نزیک کاژێر 11:00 ئازاری هەبووە و لەگەڵ هاوڕێیەکیدا چووبووە نەخۆشخانە، بەداخەوە دەرکەوت جەڵتە بووە و نزیک کاژێر 01:00ـی بەرەبەیان کۆچی دواییکرد".
جەزای ساز ئاماژەی بەوە کرد، ئیبراهیم نەقدیان گەڕیدەی هونەر بووە و هاوژینەکەی پزیشکە لە تاران. گوتیشی، "چاوەڕوانین ئەمڕۆ کاژێر 04:00 هاوژین و منداڵەکانی لە تارانەوە بگەنە سلێمانی".
تەرمی ئەو هونەرمەندە میوزیکژەنە لە دادپزیشکیی سلێمانییە. سەرۆکی کۆمەڵەی هونەری میلـلی کوردستان گوتی، هونەرمەندانی سلێمانی و پارێزگاریش ئامادەییان دەربڕیوە لە رێوەڕەسمێکی شکۆداردا تەرمی ئەو هونەرمەند بەخاکبسپێرن، ئەگەر کەسوکارەکەی نەیبەنەوە تاران.
هەر ئەمڕۆ شەممە میوزیسیانێکی دیکە لە شاری سلێمانی کۆچی دواییکرد. نیاز نووری، نەقیبی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ توانا فەرەج، هونەرمەندی میوزیكژەن لە شاری سلێمانی بە جەڵتەی مێشك كۆچی دواییكرد.
نیاز نووری گوتیشی، "ئەو هونەرمەندە زیاتر لە 500 كاری هونەری جیاوازی هەبووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ