رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک کەسایەتیی ناسراوی پارێزگای سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا داوا لە مامۆستایانی پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانی و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین دەکەن، بایکۆت بشکێنن و بچنەوە نێو پۆلەکانی خوێندن.
رۆژی شەممە، 27ـی کانوونی دووەمی 2024، ئەو کەسایەتییانە وێڕای پشتیوانیکردن لە مافی مامۆستایان، داوایانکرد: "وەکو خەمێک بۆ منداڵانی کوردستان و لەپێناو ئەوەی زانست و دواڕۆژی خوێندکاران نەفەوتێت، داوا لە هەموو مامۆستایانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین دەکەین بگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن".
لەو کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەدا، دادوەر رزگار محەممەد ئەمین بە نوێنەرایەتیی کەسایەتییەکانی شاری سلێمانی قسەی کرد و گوتی: "ئێمە پاڵپشتی لە سەرجەم خۆپێشاندان و هەوڵەکانی مامۆستایان دەکەین کە لەپێناو مافی رەوای خۆیان کردوویانە، بەڵام ئەم بایکۆتە زیانێکی زۆری بەر منداڵانی هەژار و ئەو خێزانانە گەیاندووە کە پارەی ئەوەیان نییە منداڵەکانیان لە قوتابخانە تایبەتەکان دابنێن، بۆیە هیوادارین بە گەڕانەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن ئەو منداڵانە دڵخۆش بکەن".
دادوەر رزگار محەممەد ئەمین داوای لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەکان کرد: "ئەگەر بەهۆی بایکۆت و مانگرتنەوە سزایەک بۆ مامۆستایان دەرکراوە، سەرجەمی ئەو سزایانە لابدرێت و ئەگەریش بەتەمان سزایان بدەن، بیر لەو سزایە نەکەنەوە".
نوێنەری کەسایەتییەکانی سلێمانی گوتی: "نووسراوێکمان بینی کە لە وەزارەتی پەروەردەوە دەرچووە کە باس لەوە دەکات مامۆستایانی گرێبەست دابمەزرێنن و وانەبێژان بکەن بە گرێبەست، نووسراوەکە لاستیکی بوو و پێویستە ببێتە بڕیار و ببێتە هۆی دڵخۆشیی مامۆستایان".
دادوەر رزگار محەممەد ئەمین جارێکی دیکە داوای لە مامۆستایان کرد بایکۆت بشکێنن لەپێناو ئەوەی "خوێندنی ئەمساڵی ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکارانی کوردستان نەفەوتێت".
رۆژی 13ی ئەیلوولی 2023، وەرزی خوێندنی 2023 – 2024 لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، بەڵام لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و کۆیە قوتابخانەکان نەکرانەوە و تاوەکو ئەمڕۆش بایکۆت بەردەوامە، جگە لەوەی بەشێکی پەروەردەکان دەوامی قوتابیانی پۆلی 12یان دەستیپێکردووەتەوە.
لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ دەرگەی قوتابخانەکان کراوەیە.
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان، راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی کە دەکاتە نزیکەی 40%ـی کۆی قوتابیان، دەوامیان نەکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ