ئەندازیارێک لە کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان: ئەمڕۆ دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە

27-01-2024
پەیمان محەممەد
کارمەندانی کارەبا لە وێستگەیەک لە هەولێر سەرقاڵی کارکردنن. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
کارمەندانی کارەبا لە وێستگەیەک لە هەولێر سەرقاڵی کارکردنن. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەندازیارێک لە کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان دەڵێت، نیوەڕۆی ئەمڕۆ دۆخی کارەبای نیشتمانی بە تەواوی ئاسایی دەبێتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ''ئێستا سێ هەزار و 400 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنرێت و هاونیشتمانیان نزیکەی 12 کاژێر کارەبایان هەیە".
 
رۆژی شەممە 27-01-2024، ئازان جەمال، ئەندازیار لە کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان لەبارەی دۆخی کارەبای نیشتمانییەوە بە رەنجە جەمال، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ''سەرجەم وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کەوتوونەتەوە کار، بەڵام چەند یەکەیەک لە هەولێر ماون گازیان بۆ بنێردرێت. ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکرێت''.
 
ئازان جەمال ئاماژەی بەوە کرد، پێشتر بەرهەمهێنانی کارەبای نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان نزیکەی چوار هەزار مێگاوات بوو، بەڵام ئێستا سێ هەزار و 400 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێندرێت و نزیکەی 600 مێگاوات کەمترە لە دۆخی ئاسایی خۆی.
 
شەوی پێنجشەممە کاژێر 10:22 بە درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی و بەهۆیەوە کارکردن لە کێڵگەکە وەستا.
 
دوای هێرشەکە وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە كاژێر 10:22 خولەکی شەوی 25-01-2024، لە كێڵگەی گازی كۆرمۆر ئاگرێک کەوتەوە و بەو هۆیەوە هەناردەكردنی گاز بۆ سەرجەم وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا راگیرا و ئەوەش بووە هۆی كەمبوونەوەی زیاتر لە 2800 مێگاوات بەرهەمهێنانی كارەبا.
 
کۆرمۆر یەکێکە لە گوندەکانی شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی و کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی گازی تێدا دەکەن. کێڵگەکە یەکێکە لە ناوچە دەوڵەمەندەکان بە سامانە سرووشتییەکان، بەتایبەت گاز.
 
ئەو ئەندازیارە لە کۆنتڕۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، بە سێ هەزار و 400 مێگاوات کارەبای نیشتیمانی کە ئێستا بەردەستە، دەتوانرێت نزیکەی 10 بۆ 12 کاژێر کارەبا بدرێتە هاونیشتمانیان و ئەگەر بەرهەمهێنانی 600 مێگاواتەکەی دیکەش دەستپێبکاتەوە، ئەوە پێدانی کاژێرەکانی کارەبا زیاتر دەبێت.
ئازان جەمال ئەوەشی خستەڕوو، لە نیوەڕۆی ئەمڕۆوە دۆخی کارەبای نیشتمانی بە تەواوی ئاسایی دەبێتەوە و گرفتەکە چارەسەر دەبێت.
 
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان نزیکەی چوار هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، بەڵام لە وەرزە سارد و گەرمەکاندا خواست لەسەر کارەبا بۆ دوو هێندە بەرز دەبێتەوە و کاژێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی کەمتر دەبنەوە. ئەوەی پێویستیی هاونیشتمانییان پڕدەکاتەوە موەلیدە ئەهلییەکانن، کە بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رووداو، زیاتر لە پێنج هەزار و 500 موەلیدەی ئەهلی لە هەرێمی کوردستاندا هەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.