هاونیشتمانییەک دەڵێت، پۆلیسی سلێمانی دەستیگرتووە بەسەر بەڵگەنامەکانیدا و پۆلیسیش رەتیدەکاتەوە

27-01-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

هاونیشتمانییەک دەڵێت، دوای ئەوەی حوکم دراوە و سزاکەی تەواو کردووە، لە پۆلیسی سلێمانی ئەشکەنجە دراوە و دەستیش گیراوە بەسەر پاسپۆرتەکەیدا. گوتەبێژی پۆلیس دەڵێت، "پۆلیس نە شوێنی ئەشکەنجەدانی هەیە و نە دەستیش دەگرێت بەسەر پاسپۆرتی کەسدا".
 
ئەمڕۆ شەممە، 27ـی کانوونی دووەمی 2024، شێروان مشکۆ کە هاونیشتمانییەکی ئێزدیی خەڵکی قەزای شێخانە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، پێش چەند ساڵێک مۆبایلێکی لە دەستگێڕەکانی شەقامی مەولەوی لە سلێمانی کڕی و دواتر دەرکەوت مۆبایلەکە دزراوە و بەهۆیەوە ساڵی رابردوو دەستگیرکرا و دادوەر شەش مانگ حوکمی دا.
 
شێروان مشکۆ دەڵێت، دوای 6 مانگەکە ئازادکرا  و "فەرمانی دادوەرم برد بۆ پۆلیسی بەڵگە و تاوانی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی بۆ وەرگرتنەوەی پاسپۆرت و مۆبایلەکەم، بەڵام لێیاندام و دەریانکردم و گوتیان پاسپۆرتت نادەینەوە. ناویشم لە بازگەکان وەکو تۆمەتبار ماوە و ناتوانم هاتووچۆ بکەم. ئێستا لە بەغدام و ناتوانم بگەڕێمەوە".
 
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی گوتەی ئەو هاونیشتمانییەی رەتکردەوە و گوتی، "پۆلیس ئەشکەنجەی کەس نادات. ئەو باسی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کردووە، بەڵام لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس نە شوێنی ئەشکەنجە هەیە و نە هیچ کاتێکیش کەس ئەشکەنجە دراوە تاوەکو ئەشکەنجەی ئەو بدرێت".
 
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی گوتی، رێکاری کارگێڕی بە جۆرێکە هەرکەسێک حوکم تەواو دەکات و ئازاد دەکرێت راستەوخۆ هەر کەستەیەکی پێ بووبێت رادەستی دەکرێتەوە؛ گوتیشی، "هیچ کاتێک لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی پاسپۆرت و شتومەکی کەسی ئازادکراو گلنادرێتەوە. کەسەکە ئازاد بکرێت پۆلیس هیچ پێویستییەکی بەوە نییە مۆبایل و پاسپۆرتی بهێڵێتەوە".
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.