رووداو دیجیتاڵ
دادگەی تاوانی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، سزای لەسێدارەدانی بۆ بکوژانی گەنجەکەی کەلار دەرکرد.
عەلی جەمال قدووری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ دووشەممە، 27-1-2025، دادگەی تاوانی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لەبارەی کەیسی کوشتنی عەبدوڵڵا ساڵح جەمیل (کوڕە گەنجەکەی کەلار) بڕیاری دا.
عەبدوڵڵا ساڵح، لەدایکبووی ساڵی 2003ـی بوو و تاقانەی حەوت خوشک بوو، پۆلیسی گەرمیان دەڵێ 31-12-2024 بەهۆی بێسەروشوێنبوونی کەسوکاری بۆ سۆراخکردنی، سەردانی پۆلیسیان کرد.
دوای رۆژێک لە رووداوەکە، دوو کەس کە هاوڕێی بوون، خۆیان رادەستی پۆلیس کرد.
دوای لێکۆڵینەوە و بەپێی پۆلیسی گەرمیان "تۆمەتباران دانیان بەوەدانا؛ لەپێناو بردنی ئۆتۆمبێلەکەی، گەنجەکەیان کوشتووە و لە گوندی گۆمەزەرد تەرمەکەیان جێهێشتووە."
بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، دادگەی تاوانی گەرمیان، ئەمڕۆ لە دانیشتنی یەکەمی کەیسەکەدا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ بکوژانی گەنجەکە دەرکردووە. گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیانیش زانیارییەکەی پشتڕاست کردەوە.
عەلی جەمال قدووری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان دووپاتیکردەوە، "دوای 48 کاژێر لە کوژرانی گەنجەکە، تەرمی گەنجەکەمان دۆزییەوە و رادەستی کەسوکاری کرایەوە؛ دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەدا گیرا و رەوانەی بەشی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان کرا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ