ماڵباتێکی کورد لە ئۆکرایناوە گەڕانەوە هەولێر: کەسوکارمان لێرەیە بۆیە ئێرەمان هەڵبژارد

28-02-2022
هادی سەلیمی
هادی سەلیمی @hadiselimi
ئەسڵان و لەیلا و باوکیان
ئەسڵان و لەیلا و باوکیان
A+ A-
 
رووداو - هەولێر

یەکەم ماڵباتی کورد لە ئۆکرایناوە گەڕانەوە هەرێمی کوردستان. رەفعەت ئیسماعیل، خەڵکی هەولێرە و نزیکەی 15 ساڵە لە شاری میکۆلایڤی ئۆکراینایە، وڵاتینامەی ئەوێی هەیە. لە دەستپێکی شەڕ دەچنە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا و ئیدی ناگەڕێتەوە ئۆکراینا.
 
رەفعەت ئیسماعیل دەڵێت، "مەوعیدی پزیشکمان هەبوو، هاوژینەکەم لەگەڵ ئەسڵان نەخۆش بوون، چووین بۆلای پزیشک لە نەخۆشخانە و بۆ رۆژی دواتر شەڕ دەستیپێکرد. لە نیکۆلایڤ دەژیم، کاری کشتوکاڵی دەکەم و بەرهەمەکەی دەنێرمە کوردستان لە پیاز، پەتاتە و سێو. ماڵ و حاڵم هەمووی جێهێشتووە و شەڕێکی زۆر قورسە ئێستا لە خیرسۆن و نیکۆڵایڤ".
 
ئەسڵان و لەیلا منداڵەکانی رەفعەتن؛ لەیلا تەمەنی 13 ساڵ و ئەسلان تەمەنی 11 ساڵە، لە تەمەنی خۆیاندا سێ جار هاتوونەتە باشووری کوردستان. لەبەر خزم و کەسوکاریان پێداگرییان کردووە کە بێنە هەولێر.
 
لەیلا رەفعەت دەڵێت، "لێرە خزم و کەسمان هەیە، ئۆکراینا زۆر خۆش نییە، لەوێش کەسوکارمان هەیە، بەڵام پێمان خۆشە لە هەولێر بین لە کوردستان".
 
ئەسڵان رەفعەت-یش دەڵێت، بۆیە هاتوونەتە هەولێر و نەچوونەتە شوێنێکی دیکە، چونکە "لێرە خزم و کەسوکارمان هەیە، ئێرە خۆشە و دەتوانین لەگەڵ خزم و کەسوکارمان پیاسە بکەین".
 
ئانژڵا هاوژینی رەفعەتە و کوردی روسیایە، لە تەمەنێکی کەمدا لەگەڵ کەسوکاری چوونەتە ئۆکراینا. بە قسەکانیدا وادیارە دۆخی ئۆکراینا رۆژبەرۆژ ئاڵۆز و دژوار دەبێت.
 
ئانژڵا مەولوود، هاووڵاتیی ئۆکراینی زمانی کوردی فێربووە و دەڵێت، "هەموو رۆژێک لە ژێرزەمین خەڵک خۆیان دەشارنەوە لەبەر بۆمب و تانک و سەربازی رووسیا، خەڵک هەنێک خواردنیان کڕیبوو پێش روودانی شەڕ، بەڵام تاوەکو کەی ئەوە دەبێت، نازانین".
 
ئەسڵان و لەیلا و دایک و باوکیان بۆ ماوەیەکی نادیار میوانی هەولێرن. چوار رۆژ بەسەر شەڕی ئۆکراینا و رووسیا تێدەپەڕێت. بە رێگەی جیاجیا زیاتر لە 350 هەزار کەس بەرەو دەرەوەی ئۆکراینا رۆشتوون. ئاسمانی ئۆکراینا رۆژێک دوای دەستپێکی شەڕ بەڕووی جیهاندا داخرا. حکومەتی ئۆکراینا تەنیا رێگە بە دەرچوونی ژن و منداڵ و پیاوانی سەرووی 60 ساڵ دەدات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی چواری پارتی لە سلێمانی

ئاری هەرسین: نزیکبوونەوەی یەکێتی و نەوەی نوێ لە ئەفلام کارتۆن دەچێت

بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، هەوڵەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ پێکهێنانی حکومەت بەبێ پارتی "وەهمە" و هاوپەیمانییەکەیان بە "ئەفلام کارتۆن" دەچووێنێت؛ هۆشداریش دەداتە ئەو دوو لایەنە کە هەر هەنگاوێک بەو ئاراستەیە، هەرێمی کوردستان بەرەو دوو ئیدارەیی و تەنانەت "دوو هەرێم" دەبات.