رووداو دیجیتاڵ
سبەی دوایین رۆژی لێخۆشبوونی 20%ـی پارەی سزای هاتووچۆیە لە هەرێمی کوردستان. بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتووچۆی سلێمانی دەڵێت، قەرەباڵخیی لە بەڕێوەبەرایەتییەکان دروستبووە و تاوەکو ئەمڕۆش بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەکە نەدراوە.
بڕیاری لێخۆشبوونی 20%ـی پارەی سزای هاتووچۆ لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە شەش مانگ لەمەوبەر دەرکرا. بەگوێرەی بڕیارەکە، سبەی چوارشەممە دوایین دەرفەتە بۆ ئەو کەسانەی بیانەوێت لێی سوودمەند بن.
عەقید بەختیار محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتووچۆی سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـی شوباتی 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سبەی دوایین رۆژە و تاوەکو ئێستاش هیچ بڕیارێک بۆ درێژکردنەوەی نەدراوە".
دەنگۆیەک هەیە و دەگوترێت لێخۆشبوونەکە درێژ دەکرێتەوە و لە 20%ـەوە زیاتر دەکرێت بۆ 30%. لەم بارەیەوە عەقید بەختیار گوتی، تەنیا دەنگۆیە و هیچ بابەتێکی فەرمی لەو شێوەیە بە ئەوان نەگەیشتووە.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتووچۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەند شەش مانگە بڕیارەکە هەیە، بەڵام ئێستا هاونیشتمانییەکی زۆر دەچنە بەڕێوەبەرایەتییەکان و سزای هاتووچۆ دەدەنەوە و "قەرەباڵخییەکی زۆر"یان دروستکردووە.
یەکشەممەی رابردوو هاتووچۆی هەولێر بڵاویکردەوە، هەر شوفێر یان هاووڵاتییەک کە دەیەوێت سوودمەند بێت لە داشکاندنی سزای هاتووچۆ، پێش تەواوبوونی کاتەکە سەردان بکات.
موقەدەم سامان عەلی، گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان بە رووداوی گوت، "خەڵکێكی زۆر" سوودیان لە بڕیاری لێخۆشبوونەکە وەرگرتووە و لە دوای دەرچوونی بڕیارەکەوە، رۆژانە سێ هێندەی پێشتر هاووڵاتییان پارەی سزای هاتووچۆ دەدەن.
لە نووسراوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا کە 10-9-2023 بڵاوکرایەوە، بڕیاردرا لێخۆشبوونەکە لە رێککەوتی 28-8-2023ـەوە تاوەکو 28-2-2024 بەردەوام بێت.
ئەوکات بڕیاردرا هەر کەسێک لەدوای 28ـی شوبات، سزای مادیی هاتووچۆی بکەوێتە سەر و لە ماوەی مانگێکدا پارەکە نەدات، سزاکەی دەبێتە دوو هێندە، بەڵام رۆژی 22-01-2024 وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، دووهێندەکردنی سزای هاتووچۆ راگیراوە.
لێخۆشبوونەکە بەجۆرێکە، ئەگەر کەسێک ملیۆنێک دینار پارەی سزای هاتووچۆی لابێت، 800 هەزار دیناری لێ وەردەگیرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ