کوردستان
وێنەیەک لە کۆبوونەوەی نێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی و شاندی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی ئەنتۆنی بلینکن.
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکەی نێوان مەسرور بارزانی و ئەنتۆنی بلینکن بڵاوکردەوە و دەڵێت، جەختیان لە گرنگی هاوبەشیی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان کردووەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، ماتیو میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا باسی لە کۆبوونەوەکەی دوێنێی نێوان مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "وەزیری دەرەوە [بلینکن] و سەرۆکوەزیران [مەسرور بارزانی] لە چوارچێوەی پابەندبوونی هاوبەش و ماوەدرێژ بە ئاسایشی ناوچەکە و بەها هاوبەشەکان، لەوانەش بەڕێوەبردنی باش و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ، جەختیان لە گرنگی هاوبەشیی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق کردەوە".
راگەیێندراوەکە دەڵێت، "وەزیری دەرەوە پاڵپشتی خۆی بۆ هاوئاهەنگی بنیادنەرانەی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڕبڕی، هەروەها پاڵپشتی خۆی دەربڕی بۆ یەکڕیزییەکی زیاتر لەنێو هەرێمی کوردستانی عێراق، بۆ بەرەوپێشبردنی سەقامگیری، خۆشگوزەرانیی ئابووری بۆ هەموو گەلی عێراق".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەشڵێت، هەردوولا باسییان لە گرنگی بەشداریکردنی کورد لە لیژنەی باڵای سەربازی هاوبەشی نێوان عێراق – ئەمریکا کرد کە دەبێتە هۆی دروستبوونی هاوبەشی ئەمنی بەردەوامی دوولایەنەی نێوان ئەمریکا و عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، "وەزیری دەرەوە جەختی لەوە کردووەتەوە کە پاڵپشتییەکانی ئەمریکا بۆ هەرێمێکی خۆڕاگری کوردستان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی ببێتە بەردی بناخەی پەیوەندییەکی کارا و بنکە فراوان کە ئەمریکا لەگەڵ عێراق دەیخوازێت".
رۆژی دووشەممە، 26-2-2024، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گفتوگۆی پێش کۆبوونەوەی ئەنتۆنی بلینکن و مەسرور بارزانی لە واشنتن دی سی بڵاوکردەوە.
لە دیدارەکەدا بلینکن بە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی گوت، "ئەمریکا هاوبەشییەکیی درێژخایەنی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە و هاوبەشیمان لەسەر بنەمای بەهای هاوبەش، بەرژەوەندیی هاوبەش و مێژووی پێکەوە قوربانیدانی هاوبەش بنیاتنراوە؛ ئەوە شتێکە ئەمریکا بە جیدی لێ دەڕوانێت و خۆیشم وەک شتێكی مەزن تەماشای دەکەم".
بلینکن گوتیشی، "پشتگیرییەکەمان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستانێکی خۆڕاگر گرنگە لە سیاسەتە 360 پلەییەکەمان لە عێراق. بۆیە ئەمڕۆ دەرفەتە بۆ دووپاتکردنەوەی ئەو پاڵپشتییە و ئەو کارانەی پێکەوە کردوومانە"
لەدوای کۆبوونەوەکە، ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن گوتی، "وەزیری دەرەوە و سەرۆکوەزیران[ی هەرێمی کوردستان] لە چوارچێوەی پابەندبوونی بەردەوام بە ئاسایشی ناوچەکە و بەها هاوبەشەکانیان لەوانەش، حوکمڕانی باش و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ، جەختییان لە گرنگی پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستانی عێراق کردەوە".
میلەر گوتیشی، "بلینکن پاڵپشتیی خۆی بۆ هاوئاهەنگییەکی بنیاتنەرانە لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و یەکڕیزیی زیاتر لەنێو هەرێمی کوردستانی عێراق کردووەتەوە بۆ بەرەوپێشبردنی سەقامگیری، ئابووری و خۆشگوزەرانی بۆ تەواوی گەلی عێراق."
رۆژی یەکشەممە، 25-02-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گەیشتە واشنتن و بڕیارە چەند کۆبوونەوەیەکی دیکەشی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا هەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ