سەرۆک بارزانی: نیگەرانین و دیموکراسی لە عێراق هەڕەشەی راستەقینەی لەسەرە

27-02-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆک بارزانی رایدەگەیێنێت، لە دۆخەکە نیگەرانن و دیموکراسی لە عێراق هەڕەشەی راستەقینەی لەسەرە. لە نێوخۆی هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ ئەوەی ئەوپەڕی هەوڵ دەدەن کە کێشەکان تێپەڕێنن، بەڵام کێشەکان لەسەر "پرس و ئامانجی ستراتیژی"ـین.
 
سەرۆک مەسعود بارزانی، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رادیۆی مۆنتی کارلۆ تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتەکانی عێراق و نێوخۆی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەروەها هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر.
 
لەبارەی بەشداریکردن لە حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک بارزانی گوتی، لەسەر بنەمای "رێککەوتنێکی سیاسی" بەشدارییان لە حکومەتەکە کردووە، "هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت پێکهێندرا، تێبینیمان کردووە بەڕێز سوودانی دەیەوێت بەندەکانی نێو رێککەوتنە سیاسییەکە جێبەجێ بکات کە لەنێوان لایەنەکان کراون، بەڵام لە هەمان کاتدا ئاستەنگی راستەقینە رووبەڕووی بووەتەوە."
 
هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، "پشتیوانیمان لێکردووە و پشتیوانیشی دەکەین لەپێناو جێبەجێکردنی ئەوەی لەسەری رێککەوتووین." 
 
"سوودانی رووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە و رێگری لێدەکرێت"
 
سەرۆک بارزانی جەختی لەوەکردەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق "رووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە و رێگری لێدەکرێت تاوەکو بەندەکانی ئەو رێککەوتنە جێبەجێ بکات کە لەنێوان لایەنەکان کراوە."
 
سەرۆک بارزانی ناوی هیچ لایەنێکی نەبرد و گوتی، "نامەوێت لایەنێکی دیاریکراو دیاری بکەم، بەڵام زۆر روونە کە لایەن هەن هەوڵدەدەن ئاستەنگ لەبەردەم کاری حکومەتی فیدراڵی دروست بکەن."
 
سەرۆک بارزانی: دیموکراسی لە عێراق هەڕەشەی راستەقینەی لەسەرە
 
سەرۆک مەسعود بارزانی، نیگەرانی خۆی لەبارەی دۆخی عێراق دەربڕی و گوتی: "بە راشکاوانە لە دۆخەکە نیگەرانین، دیموکراسی لە عێراق هەڕەشەی راستەقینەی لەسەرە، هەڕەشەکانیش لە نێوخۆ و لە دەرەوەن."
 
لە هەرێمی کوردستان "ناکۆکی لەسەر پرس و ئامانجی ستراتیژی هەیە"
 
لەبارەی پەیوەندییە نێوخۆییەکان لە هەرێمی کوردستان و ئەو دابەشبوونەی لایەنەکانی هەرێمی کوردستان کە لە بەغدا هەیە، سەرۆک بارزانی گوتی: "جێگەی داخە، بە راشکاوانە ناکۆکی لەسەر پرس و ئامانجی ستراتیژی هەیە، ئەگەر ناکۆکی لەسەر پرسی تەکنیکی بووایە زۆر ئاسان بوو، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوپەڕی هەوڵی خۆمان دەدەین ئەو کێشەیە تێپەڕێنین."
 
سەرۆک بارزانی ئەوەشی گوت کە کار بۆ یەکڕیزیی کورد دەکەن. 
 
"نابێت هاوپەیمانی لەگەڵ ئەوانە بکرێت کە دەیانەوێت کۆتایی بە هەرێمی کوردستان بهێنن"
 
سەرۆک بارزانی لەبارەی ناکۆکیی ستراتیژی لەگەڵ لایەنەکانی هەرێمی کوردستان نموونەی بەوە هێنایەوە کە "ناکرێت سازش لەسەر قەوارەی هەرێم بکرێت، نابێت هاوکاریی ئەوانە بکرێت کە دەیانەوێت هەرێم هەڵبوەشێننەوە، نابێت هاوپەیمانی لەگەڵ ئەوانە بکرێت کە دەیانەوێت کۆتایی بە هەرێم بهێنن، ئەمانە پرسی ستراتیژین، زۆر روونە هەوڵ بۆ ئەمە هەیە."
 
"تۆمەتەکانی ئێران پووچن"
 
لەبارەی تۆمەتەکانی ئێران کە هەرێمی کوردستان بووەتە پەناگەی نەیارانی ئێران، سەرۆک بارزانی گوتی: "ئەم تۆمەتانە پووچن، ئێران لە هەمووان زیاتر دەزانێت کە ئەو تۆمەتانە پووچن، بەڵێ من لە مەهاباد لەدایکبوومە، نەمانخواستووە رۆژێک لە رۆژان ئاڵۆزی لە پەیوەندییەکانمان هەبێت لەگەڵ ئێران، رێگەش نادەین هەرێم ببێتە شوێنێک بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایشی ئێران."
 
"ئەگەر بارەگای مۆساد لە هەولێر هەبووایە ئێران بوێری نەدەبوو لێی بدات"
 
وەکو سەرۆک بارزانی باسی کرد، لە ساڵی 2021ـەوە 143 جار بە درۆن و مووشەکی بالیستی هێرش کراوەتە سەر هەولێر لەلایەن ئێران و شوێنکەوتووانی ئێرانەوە، بەردەوام پاساوی ئەو تاوانانە ئەوە بووە کە ناوەندیی هەوڵگری نێودەوڵەتی لێیە بە دیاریکراویش مۆساد، یاخود هەبوونی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی لە هەرێمی کوردستان، "دڵنیام ئەگەر بارەگای مۆساد هەبووایە ئێران بوێری نەدەبوو لێیان بدات."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆک مەسعود بارزانی گوتی، "ئەوان دەستەوەستانن لە بەرپەرچدانەوەی بەهێزەکان، هەندێک لایەن لەنێو ئێران بۆ پاساوهێنانەوە بۆ شکستیان لە نێوخۆی ئێران، هەولێر تۆمەتبار دەکەن بە هاوکاریکردنی ئۆپۆزیسیۆن و بابەتی دیکە." 
 
"کوشتنی کچێکی منداڵی تەمەن 11 مانگ تاوانە"
 
سەرۆک مەسعود بارزانی باسی دوایین هێرشی ئێرانی بۆسەر هەولێر کرد کە ماڵی پێشڕەو دزەیی کردەئامانج، گوتی: "بۆردوومانکردنی خێزانێکی بێگوناهـ و سڤیل و کوشتنی کچێکی منداڵی تەمەن 11 مانگ تاوانێکی سەرکۆنەکراوە."
 
هەروەها گوتی، "هێشتا [ئێران] سوورن لەسەر ئەوەی ئەفسەرێکی مۆسادیان کوشتووە، بۆیە تۆمەتەکان پووچن و هیچ بنەمایەکیان نییە."
 
سەرۆک بارزانی: ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ئێران هەموو هێزەکانیان لە ناوچەکانی سنوور کشاندەوە
 
لەبارەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، سەرۆک بارزانی رایگەیاند، "ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی 50 ساڵە هەن. لەسەر بنەمای رێککەوتنێکی سێقۆڵی نێوان حکومەتی فیدراڵی، حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئێران، ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ئێران هەموو هێزەکانیان لە ناوچەکانی سنوور کشاندەوە و گەڕانەوە شوێنەکانی نیشتەجێبوونیان لە دەوروبەری هەولێر، ئەوەش لەسەر بنەمای رێککەوتن کراوە. بۆیە تۆمەتەکانی ئێران پووچەڵن و رۆژێک لە رۆژان نەمان ویستووە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران گرژی تێبکەوێت، بەڵام ئێران سوورە لەسەر ئەم پەیڕەوە."
 
لەبارەی هەنگاوەکانی حکومەتی فیدراڵی سەبارەت بە هێرشەکەی سەر هەولێر، سەرۆک مەسعود بارزانی دەڵێت، "جموجووڵی کردووە، بەڵام لە ئاستی ئەو تاوانە نەبووە کە کراوە."
 
"رەنگە هەمان سیناریۆی داعش دووبارە بێتەوە"
 
پرسی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا پرسێکی گەرمە، سەرۆک بارزانی گوتی: "رەنگە هەمان سیناریۆ دووبارە بێتەوە کاتێک هێزەکانی ئەمریکا لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان لە 2011 کشانەوە، دوای ماوەیەک داعش نزیکەی سێیەکی عێراقی داگیرکرد، خەریک بوو هەموو عێراق داگیربکەن، ئەگەر پشتیوانیی هاوپەیمانان نەبووایە ئێستا دۆخەکە جیاواز بوو."
 
"لایەنێک بە تەنیا مافی نییە بڕیار لە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بدات"
 
سەرۆک بارزانی رایگەیاند، "رێککەوتنێک لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و ئەمریکا یاخود هاوپەیمانان کراوە کە 10 ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە، رەنگە ئەم رێککەوتنە پێویستی بە پێداچوونەوە هەبێت، بەڵام ئەمە لە تایبەتمەندی حکومەتی فیدراڵی و دەزگای پەیوەندیدارە نەک گرووپە چەکدارەکان کە بڕیاربدەن، ئەمە پرسێکی چارەنووسسازە، پەیوەستە بە هەموو عێراقییەکانەوە، لایەنێک بە تەنیا مافی ئەوەی نییە بڕیاری لەبارەوە بدات."
 
"هەموو بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی دژی هەرێمی کوردستانن"
 
لەبارەی بڕیارەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی، سەرۆک مەسعود بارزانی نیگەرانی خۆی دەربڕی و گوتی: "بەداخێکی قووڵەوە، هەموو بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی لە دژی هەرێمن، تەواو لایەنگرە لە دژی هەرێم. هەر بۆ زانین ئەم دادگەیە دەستووری نییە، دادگەکە لە سەردەمی پۆل برێمەر پێکهاتووە، ئێستا رۆڵی دەسەڵاتی دادوەریی، دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەگێڕێت، پێموایە دادگەی فیدراڵی دەسەڵات و ئەرکی سەرەکیی خۆی بەزاندووە، بڕیارەکانی دادپەروەرانە نین و بە تەواوەتی دژی هەرێمن."
 
"ترسم نییە... نەوەیەکی راهێنراو، پڕکراو بە چەک و بیروباوەڕ و ئیرادە ئامادەیە"
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە دوای کۆچی دوایی دامەزرێنەر و ئێوەش وەک نەوەی دووەم کە هەم چەک و هەمیش دانووستاندن دەزانن، دوای ئێوە ئایە نەوەی سێیەمی سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان دەتوانێت رووبەڕووی هەموو ئەو ئاڵنگارییانە بێتەوە کە رووبەرووی هەرێمی کوردستان دەبنەوە، سەرۆک بارزانی گوتی: "پرسیارێکی جوانە، منیش هەمان ترسم هەبوو، لە شەڕی داعش نزیکەی دوو مانگ مەینەتیمان بینی، بەڵام دواتر نەوەیەکی نوێ دەرکەوت زۆر خۆڕاگر، بە ئەزموون و ئیرادەیەکی بەهێزتر."
 
هەروەها گوتی، "راستە نەوەیەکی نوێ هەیە کە ناکرێت نکۆڵی لەوە بکەین کە کاریگەر نین بە پەرەسەندنی تەکنەلۆژیا و ئەو پێشکەوتنەی لە جیهاندا هەیە، بەڵام نەوەیەک هەیە راهێنراوە، ئامادەیە و پڕکراوە بە چەک و بیروباوەڕ و ئیرادە. بۆیە بەوپەڕی راشکاوانە دەڵێم ترسمان نییە، سەتان هەزار گەنجمان هەن کە رەنگە زۆر لەوە زیاتر تێپەڕێنن کە نەوەی یەکەم و دووەم پێی گەیشتوون."
 
"ئەگەر بەغدا پابەندی فیدراڵییەت و دەستوور بووایە، گشتپرسیمان نەدەکرد"
 
هەر لە درێژەی قسەکانیدا سەرۆک مەسعود بارزانی، باسی فیدراڵی و گشتپرسی باشووری کوردستانی کرد، گوتی: "دوای رووخانی رژێم لە 2003، پەرلەمانی کوردستان فیدراڵییەتی پەسندکرد، لەسەر ئەم بنەمایە پەیوەندی لەگەڵ بەغدا بونیادنراوە، دوای رووخانی رژێم ماوەیەکی زۆر لە بەغدا بووم، لە کاتی داڕشتنی دەستوور بە رژدی و دڵسۆزانە کارمان کرد بۆ بونیادنانی عێراقێکی دیموکراسی فرەیی فیدراڵی."
 
دوای ماوەیەک، وەک سەرۆک بارزانی دەڵێت، "تێبینیمان کرد هەندێک باوەڕی بە فیدراڵی نییە، تەنانەت پاشەکشە لە دەستوور کرا کە رێککەوتنمان لەسەر کردبوو. لە دیباجەی دەستوورەکەدا دەڵێت، پابەندبوون بەم دەستوورە گەرەنتی یەکێتیی عێراق دەکات، دەستوور پێشێل کرا، ئەگەر پابەندی فیدراڵییەت و دەستوور بووان، گشتپرسیمان نەدەکرد، بۆیە جارێکی دیکە دووبارەی دەکەمەوە کە کۆی دیموکراسی لە عێراق هەڕەشەی لەسەرە، فیدراڵی لەژێر هەڕەشەدایە، لەژێر رۆشنایی ئەو سیستمانەی کە ئێستا لە ناوچەکەدا هەن نە فیدراڵی و نە بابەتی دیکە سوودیان نییە."
 
سەرۆک بارزانی: تاکڕەوی عێراق بەرەو ئاگر دەبات
 
سەرۆک مەسعود بارزانی جەختی لەوەکردەوە: عێراق یان دەگەڕێتەوە بۆ دیموکراسی وەک ئەوەی رێککەوتنمان لەسەر کردووە، بنەمای سەرەکی شەراکەت، سازان و هاوسەنگی دەتوانێت عێراق رزگاربکات بەهۆی ئەو قەیرانەی کە تێیکەوتووە، "بەڵام تاکڕەوی لە دەسەڵات و دەستگرتن بەسەر هەموو شتێک لەلایەن کۆمەڵە، گرووپ، قەوارە و پێکهاتەیەکی دیاریکراو عێراق بەرەو ئاگر دەبات."
 
چارەسەر بۆ ئەو پرسە، "گەڕانەوەیە بۆ دیموکراسی و دەستوور و بنەما سەرەکییەکان، شەراکەت، سازان و هاوسەنگی."
 
سەرۆک بارزانی: جگە لە چیاکان کورد دۆستی دیکەی زۆری هەن
 
لەبارەی ئەو گوتە بەنێوبانگەی کە تەنیا چیاکان دۆستی کوردن، سەرۆک مەسعود بارازنی گوتی: "جگە لە چیاکان کورد دۆستی دیکەی زۆری هەیە، لەوانە وڵاتانی عەرەبی،  گەلان، رۆژئاوا، ئەمریکا و رۆژهەڵات، سوپاس بۆ خودا ئێستا دۆستی زۆرمان هەیە."
 
لە دوایین پرسیاردا سەبارەت بە پشتوانیکردن لە دۆزی کورد سەرۆک مەسعود بارزانی جەختی لەوەکردەوە: "تێگەیشتن و پشتیوانی هەیە، بەڵام لە ئاستی پێویست نییە، هەندێ کات رووداوێک دێتەپێش باڵ دەکێشتە سەر هەموو رووداوەکانی دیکە، بۆ نموونە جەنگی ئۆکراینا، جەنگی غەززە، بۆیە هەندێک کات گرنگیدانەکە گۆڕانی بەسەردا دێت، لە شوێنێک بۆ شوێنی دیکە دەگۆڕێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.