رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "ئەو گۆڕانکارییانەی لە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵیدا کراون، ناپاکی و ستەمکاری و پیلانگێڕانن لە دژی هەرێمی کوردستان و ناهێڵین سەربگرێت".
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە دەشتی زرارەتییەوە قسەی بۆ جوتیاران کرد و باسی گۆڕانکارییەکانی پرۆژەیاسای بودجەی کرد. مەسرور بارزانی رایگەیاند "ئەوەی جێی داخە؛ ئەو دەستە ناوخۆییەیە کە بەشدارە لەم پیلانگێڕییە. لەوەش خراپتر، کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان بەدەسکەوت بۆ خۆیان بزانن، بەڵام دڵنیاتان دەکەینەوە ئەمە هەوڵێکی نەزۆکە و سەرناگرێت".
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (شەممە، 27-5-2023) سەردانی دەشتی زرارەتی لە پارێزگای هەولێر كرد و "لە نزیکەوە، لە بارودۆخی جوتیارانی پرسی و بەشداری لە دروێنەکردنی دانەوێڵە لەم دەڤەرەدا کرد، کە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان".
سەرۆکی حکومەت لە دانیشتنێکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە جوتیارانی دەڤەرەکە، جەختی لەوە کردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو هەوڵی دەخاتەگەڕ لەپێناو گرنگیدانی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵ و بەبازاڕکردنی بەرهەمی جوتیارانی کوردستان، بە شێوەیەک کە نابێت خەمی ساخکردنەوەی بەرهەمەکانیان بێت.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەدا، ئەو گۆڕانکارییانەی لە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵیدا کراون، ناپاکی و ستەمکاری و پیلانگێڕانە لە دژی هەرێمی کوردستان، "بەڵام بە هەموو شێوەیەک رووبەڕووی ئەو پیلانگێڕییە دەبینە و ناهێڵین سەربگرێت".
ئەو گۆڕانکارییانەی سەرۆکی حکومەت باسیان دەکات، ئەو گۆڕانکارییانەن کە پێنجشەممەی رابردوو (25-5-2023) لە ماددەکانی 13 و 14ـی بودجەی عێراق کران لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە. گۆڕانکارییەکە دەستکاریکردنی بڕگەی تایبەت بە هەناردەی نەوتی کوردستان بوو لە رەشنووسی بودجەی عێراقدا و بەتەواوەتی گۆڕدرا.
پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى 2023ـی عێراق قەبارەکەى زیاتر لە 199 ترلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا بە رێژەی 12.6٪ دیاریکراوە، کە زیاتر لە 16 تریلیۆن و دینارە.
بەپێی گۆڕانکارییەکە؛ دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت بەبێ کێڵگەکانی ناوچە کوردستانییەکانی کەرکووک و نەینەوا رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات، گۆڕانکاریی دووەم بریتییە لەوەی ئەو نەوتەی رادەستی سۆمۆ دەکرێت، بەڵام مەرج نییە بۆ هەناردەکردن بێت، دەتوانرێت بۆ پڕکردنەوەی پێویستی ناوخۆ لە سووتەمەنیش بەکاربهێندرێت.
رۆژی هەینی 26ـی ئایار، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو گۆڕانکارییانەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، جگە لەو رێککەوتنەی لەگەڵ حکومەتی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی هیچ بڕیارێکی دیکە نابێت.
پێشتر، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندبوو، رۆژی شەممە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە، بەڵام رۆژی هەینی 26-05-2023 جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی شەممە کۆبوونەوەکە ناکرێت.
سەرۆکی حكومەت هەر لە دیدارەکەی ئەمڕۆیدا لەگەڵ جوتیاران بەپێی راگەیەندراوێکی حکومەت لەبارەی دیدارەکەوە " گوتیشی، "ئەوەی جێی داخە؛ ئەو دەستە ناوخۆییەیە، کە بەشدارە لەم پیلانگێڕییە. لەوەش خراپتر، کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان بەدەستکەوت بۆ خۆیان بزانن، بەڵام دڵنیاتان دەکەینەوە ئەمە هەوڵێکی نەزۆکە و سەرناگرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ