رووداو دیجیتاڵ
بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، بانکی تی بی ئای پەشیمانبووەتەوە لەوەی ببێتە بەشێک لە پرۆژەی 'هەژماری من' و داوای کردووە حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی ناوی وەزارەت بە وەزارەتی بۆ بنێرێت تاوەکو پرۆسەی بەجێکردنی مووچەیان بۆ ئەنجامبدات.
د. فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: "چارەسەری ریشەیی نییە بۆ کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی مووچە بۆیە بەردەوام کێشەکان سەرهەڵدەدەنەوە و ئەگەر بۆ مانگی داهاتووش پرۆسەی بەجێکردنی مووچە تەواونەکرێت ئەوا کێشەی گەورەتر دروستدەبن."
بە گوتەی فازڵ نەبی، مانگ بە مانگ کێشەی مووچە لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا گەورەتر دەبێت و دەڵێت: "لەدوای بڕیارەکەی دادگەی فیدرالێ هەموو مانگێک بە بڕیاری کەسی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە و هەر مانگەو کێشەیەکی نوێ سەریهەڵداوە، بۆ مووچەی مانگی داهاتووش ئەگەر کێشەکان چارەسەری ریشەیی نەکرێن ئەوا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دوادەکەوێت."
مووچەی هێزە ئەمنییەکان
لە بەشێکی گوتەکانیدا بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق باسی لە کێشەی مووچەی هێزە ئەمنییەکان کرد و گوتی: "بەغدا داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لیستی ناوی تەواوی هێزە ئەمنییەکانی رادەست بکات لەکاتێکدا تاوەکو ئێستاش لیستی ناوی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و حەشدی شەعبی لای وەزارەتی دارایی نین."
گوتیشی: "پێشتر تەنانەت وەزارەتی بەرگریی و وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش لیستی ناوەکانیان رادەستی وەزارەتی دارایی نەدەکرد، بەڵام ئێستا وەزارەتی بەرگریی و بەشێک لە دامەزراوەکانی وەزارەتی ناوخۆ لیستەکانیان ناردووە بۆ وەزارەتی دارایی بەڵام دەزگا هەواڵگرییەکان و حەشدی شەعبی ناوەکانیان رادەستی وەزارەتی دارایی نەکردووە."
بە گوتەی بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی حکومەتی عێراق دەتوانێت لیستی ناوی پێشمەرگە رادەستی وەزارتی دارایی عێراق بکات، بەڵام ناوی دامەزراوە هەواڵگرییەکان بە پیت و کۆد بنێرێت.
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ د. فازڵ نەبی باسی لە پرۆسەی بەجێکردنی مووچە کرد و گوتی: بانکی 'تی بی ئای' پەشیمان بووەتەوە لەوەی ببێتە بەشێک لە پرۆژەی هەژماری من، هەربۆیە ئێستا داوا دەکات لەگەڵ وەزارەت بە وەزارەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستی بەجێکردنی مووچە ئەنجامبدات و ناوی فەرمانبەرانی هەر وەزارەتێک بە یەک لیست وەربگرێت نەک بەش بەش.
"ئێستا بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق پرسی بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە بانکە حکومییە عێراقییەکان سپێردراوە،" ئەمەش بەشێک بوو لە گوتەکانی بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق.
گوتیشی: "ئەوکاتەی من لە وەزارەتی دارایی عێراق بووم بەهیچ جۆرێک رێگەم نەدا بانکە ئەهلییەکان ببنە بەشێک لە پرۆسەی بەبانکی کردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق چونکە بانکی ئەهلی بەردەوام مەترسیی مایەپووچبوونی هەیە."
زێدەتر روونیکردەوە و گوتی: "زۆرینەی بانکە ئەهلییەکانی عێراق هیچ بنەمایەکی بانکییان تێدا نییە، بەشێک لە بانکە ئەهلییەکانی هەرێمی کوردستانیش بە هەمانشێوە بنەمای بانکییان تێدا نییە و ناکرێت مووچەی فەرمانبرانیان پێبسپێردێت."
ئەو گوتانەی بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق لەکاتێکدایە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە (27-05-2024)، محەممەد شیاع سوودانی سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە رێکارەکانی بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی کرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە سوودانی جەختی لە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق کردەوە کە هەردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستانی پابەندکردووە بە بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتیی هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ