رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتاری شاری ئەلیگودەرزی سەر بە پارێزگای لوڕستان رایگەیاند، زیاتر لە 100 گوندی شارەکە کێشەی کەمئاوییان هەیە و ئەگەر کێشەکە چارەسەر نەکرێت، کۆچی گوندنشینەکانی لێدەکەوێتەوە.
رۆژی سێشەممە، 27ی ئایاری 2025، حەمیدڕەزا گودەرزی، پەرلەمانتاری شاری ئەلیگودەرز رایگەیاند، "بڕیارمانداوە کێشەی کەمئاوی لە گوندەکانی شاری ئەلیگودەرز ببەینە نێو کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی ئێران و لە وێ باسی کێشەکە دەکەین."
حەمیدڕەزا گودەرزی گوتی، "ناوچەکە هیچ سەرچاوەیەکی ئاویی متمانەپێکراوی بۆ خواردنەوە، کشتوکاڵ و ئاژەڵداری نییە و لە لایەکی دیکەشەوە بەهۆی نەبوونی وەبەرهێنان، هیچ کارگەیەک لە ناوچەکەدا نییە، بەو هۆیەشەوە مەترسی چۆڵبوونی گوندەکانی لەسەرە."
گودەرزی دەڵێت: "یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی کێشەکانی ئەلیگودەرز و بە تایبەت کێشەی کەمئاوی، دەرئەنجامی گواستنەوەی ئاو لە سنوورەکانی شارەکە بۆ ناوچەکانی ناوەندی ئێران لە رێگەی پڕۆژەی قوم روود یان رووباری قومە. ئێستاش ناتوانین تەنانەت دڵۆپێک ئاو لە پڕۆژەکە وەربگرین، لە کاتێکدا بەکارهێنانی 46.6 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لەو پڕۆژەیە مافی شاری ئەلیگودەرزە."
پڕۆژەی گواستنەوەی ئاو لە سەرچاوەکانی رووباری دێز لە شاری ئەلیگودەرزی لوڕستان بۆ قوم و ناوچەکانی ناوەڕاستی ئێران، ساڵی 2002 لە پەرلەمانی ئێران پەسندکرا کە بە قوم روود دەناسرێت.
بە جێبەجێکردنی پرۆژەکە، لە گوندەکانی سەر بە شاری ئەلیگودەرز کێشەی کەمئاوی سەریهەڵداوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ