نوێنەرانی دەیان کۆمپانیای تورکیا دێنە هەرێمی کوردستان؛ ئاماج لێی زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانییە

27-05-2025
هۆرڤان رەفعەت
 تورکیا دەیەوێت لە رێگەی ئەو شاندەوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان زیاتر بکات.
تورکیا دەیەوێت لە رێگەی ئەو شاندەوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان زیاتر بکات.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، پڕن لە کاڵای وڵاتی تورکیا و قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئەو وڵاتە و هەرێمی کوردستان ساڵانە زیاتر لە شەش ملیار دۆلارە، ئەنقەرە دەیەوێت ئەو بڕە زیاتر بکات.
 
محەممەد عەبدوڵڵا، خاوەن کارگە و کۆمپانیای خۆراکە لە هەرێمی کوردستان، 35 بەرهەمیان لە بازاڕەکان هەیە، مادەی خامی نزیکەی 25 یان لە تورکیا دەهێنن و دەڵێت، قەبارەی بازرگانیان ساڵانە دوو ملیۆن دۆلارە و دەیانەوێت زیاتریشی بکەن.
 
ئەو خاوەن کۆمپانیایە دەڵێت، "ئێمە 30 بۆ 35 ساڵە لەگەڵ کۆمپانیا تورکییەکان کار دەکەین و زۆر ئاسوودەین لەگەڵیان و متمانەمان پێیان هەیە. بازرگانییەکەمان ساڵ بە ساڵ زیاتر پەرەدەسێنێت."
 
بەشێکی بازاڕی ئامێرە کارەباییەکانیش تورکین، رەمەزان ئەحمەد، خەڵکی هەولێرە و کارگەی لە ئامەدی باکووری کوردستان هەیە، لەوێوە کاڵا بۆ کوردستان و عێراق و بەشیکی وڵاتانی دیکەی جیهانیش دەنێرن، ئەوانیش دەیانەوێت کارەکانیان فراوانتر بکەن.
 
رەمەزان ئەحمەد دەڵێت، "لە 2003ـەوە نزیکەی 90٪ـی مەوادەکانی هەرێمی کوردستان تورکی بوون، بەڵام ئێستا، زۆر کەمبووەتەوە و نزیکەی 50٪ـی مەوادی کوردستان لە تورکیاوە دێت. هاتنی ئەم شاندە سوودی زۆری دەبێت."
 
بڕیارە ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا (تی ئای ئێم) کە لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی تورکیا پاڵپشتی دەکرێن، رۆژی 27ـی ئایار بێنە هەولێر، لەگەڵ بازرگانانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ بکەن، دەیانەوێت پەیوەندییە بازرگانییەکان پەرەپێبدەن.
 
ئەو شاندە نوێنەرایەتیی 150 هەزار کۆمپانیای هەناردەکار دەکەن لە بوارەکانی کارەبا، بەرهەمهێنانی ئاژەڵ، جلوبەرگ، بەرهەمی کیمیایی، کوتاڵ، زەیتی زەیتوون و میوەی وشکراوە.
 
ژووری بازرگانیی هەولێر دەڵیت، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا وادەکات پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان باشتر و زیاتر ببێت.
 
کەمال سەڵاح باجگر، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێر باس لەوە دەکات، "لەم ماوەیەدا هەموو وڵاتانی ناوچەکە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ کردنەوەی شوێنی کاڵاکانیان لە بازاڕەکانمان."
 
جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێر دەشڵێت، "دڵنیام لە هەر شوێنێک ئاگر هەبێت، دڵەڕاوکێ دەبێت و جموجۆڵی بازرگانی لاواز دەبێت، بەڵام خۆشبەختانە لەم دواییان ئەم بڕیارە درا [ئاگربەست] هیوادارم ئاڵوگۆڕی نێوان هەردوولا ئاسانتر بێت." 
 
لە کۆبوونەوەکە نوێنەری زیاتر لە 100 کۆمپانیا و بازرگانی کوردستان بەشدار دەبن و لە ئەگەری گەیشتنە ئەنجام دوای گفتوگۆ دوو قوۆڵی و تایبەتەکان ئەگەری هەیە رێککەوتنی بازرگانی لە نێوان هەردوولا بکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە