رووداو دیجیتاڵ
قوتابیانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بۆ بەشداریکردن لە تاقیکردنەوەی وانەی زیندەزانی و مێژوو چوونە هۆڵەکانی تاقیکردنەوەوە. لە سنووری پارێزگای هەولێر 42 هەزار و 112 قوتابی و لە دهۆکیش 29 هەزار و 845 قوتابی مافی بەشداریکردنیان لە تاقیکردنەوەکان هەیە.
بەشدار عەبدولخالق، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر رایگەیاند، "پێشەکی خۆئامادەکردن هەبووە لە رووی ئەمنی، لە رووی پێداویستییە هونەرییەکان و فێنککەرەوە؛ هەروەها هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کارەبا هەیە تاوەکو بتواندرێت سەرجەم هۆڵەکانی تاقیکردنەوە کارەبایان بۆ دابینبکرێت."
هەروەها عومەر عەلی، بەرێوەبەری پەروەردەی دهۆک ئاماژەی بەوە کرد، "هەموو هاوئاهەنگییەکان بۆ ئەوەیە کارەکان باش بەڕێوەبچن و کەشوهەوایەکی خۆش بۆ هۆڵی ئەزموونەکان بڕەخسێت و قوتابیان بەشێوەیەکی باش تاقیکردنەوەکان ئەنجامبدەن."
لە پارێزگای سلێمانی لە 658 هۆڵی تاقیکردنەوەدا 28 هەزار و 728 قوتابی مافی تاقیکردنەوەیان هەیە. لە سنووری پارێزگای هەڵەبجەش هەزار و 729 قوتابی لە 41 هۆڵدا تاقیکردنەوەکان دەکەن.
دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی گوتی، "هەموو بەڕێوەبەرێکی هۆڵەکان مۆبایلێکی تایبەتی بۆ دابینکراوە بۆئەوەی هەر گرفتێک هەبێت پەیوەندی بە ئێمە و لیژنەکانی تاقیکردنەوەوە بکات؛ ئەوە شتێکی نوێیە، چونکە هەموو و ئامێرێکی زیرەک بۆ منیش کە بەڕێوەبەری گشتیم قەدەخەیە جگە لەو مۆبایلە تایبەتە."
لە رۆژانی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکاندا لە کاژێر 6:30ـی بەیانی تاوەکو کاژێر 10:30ـی هێڵەکانی ئینتەرنێت دەبڕدرێن و وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، هەنگاوەکە بۆ رێگریکردنە لە گزیکردن.
وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، چاو لە هیچ کەمتەرخەمییەک ناپۆشن، لەلایەن هەرکەسەوە بکرێت.
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، "گۆڕانکاریی کراوە، جاری یەکەمە ناوی قوتابی دەچێتەسەر پەڕەی تاقیکردنەوەکان، وێنەی قوتابی بۆ یەکەم جارە دەچێتە سەر پەڕەی سۆما؛ ئەوانە رێکاریی باشن، هەندێک رێکاری سیکیوریتی بەهێزکردنی پرسیارەکان کراوە، بەجۆرێک لە هەرشوێنێک گرفتێک هەبێت دەزانین پرسیاری چ قوتابی و چ قوتابخانەیەکە."
ساڵی رابردوو، رۆژی 25ـی تەممووز تاقیکردنەوە گشتییەکانی 12ـی ئامادەیی بە بەشداریی زیاتر لە 124 هەزار قوتابی لە هەرێمی کوردستان دەستیان پێکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ