رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر دەڵێت، "تاقیگەی پشکنینمان نییە و ئەو سەوزەیەی بەرهەمی جووتیارانی نێوخۆییە پشکنینی بۆ ناکرێت. هەربۆیە ئەگەر جووتیارێکیش بە ئاوی قورس ئاوی سەوزە بدات پێی نازاندرێت." بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەولێریش ئەو گوتانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، رێگری لەو سەوزانە دەکرێت بە ئاوی قورس ئاو دەدرێن.
رۆژی دووشەممە 27-6-2022، رەجەب عەزیز، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو سەوزەیەی دێتە نێو عەلوەی هەولێر نێوخۆییە و هی جووتیارانی خۆمانە؛ هیچ پشکنینێکیش بۆ سەوزەکە ناکرێت، چونکە هیچ تاقیگەیەکی پشکنین لە نێو عەلوەی هەولێر نییە."
بە گوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر، ئەگەر سەوزەیەک بە ئاوی قورس ئاو بدرێت، ئەوان پێی نازانن و گوتی، "زۆرجار کڕیارەکانمان جووتیاران دەناسنەوە و ئەگەر بزانن جووتیارێک سەوزە بە ئاوی قورس ئاو دەدات لێی ناکڕن. واتە تەنیا بەو رێگەیە ئەو سەوزەیە دەناسینەوە کە بە ئاوی قورس ئاو دەدرێت."
سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر گوتیشی، "سێ بەشی سەوزەی هەولێر بە ئاوی قورس ئاو دەدرێت، هەر لە توڕەقەوە تاوەکو دەگاتە گوێڕ."
رەجەب عەزیز رایگەیاند، "لیژنەکانی کشتوکاڵی هەولێر سەردانی کێڵگەکان دەکەن و پشکنین بۆ بەرهەمەکان دەکەن. دوو جار تاوەکو سێ جاریش لیژنەکانی قایمقامییەت بە شۆفڵ هەموو ئەو کێڵگانەیان تێکداوە کە بە ئاوی قورس ئاو دەدرێن، بەڵام جووتیاران وازناهێنن و دووبارەی دەکەنەوە."
لەو بارەوە، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە ساڵی رابردووەوە نووسراومان بۆ پارێزگاری هەولێر کردووە بۆ ئەوەی بەدواداچوون بکرێت بۆ هەموو ئەو شوێنانەی کە کاری کشتوکاڵی لەسەر رێڕەوی ئاوەڕۆی شارەکان دەکەن."
هێمن سەید موراد گوتیشی، "28 لقی کشتوکاڵی و بەرێوەبەرایەتیمان هەیە و وەک بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی هەولێر سەرپەرشتی هەموویان دەکەین، بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە کراوە و داوامان کردووە لیژنە پێکبهێندرێت چونکە بەشێک لەو زەوییە کشتوکاڵییانە کە بە ئاوی قورس ئاودەدرێن دەکەونە سنووری شارەوانی هەولێر، بەڵام رێگری تەواو لەو بەرووبوومانە کراوە و نایەنە نێو بازاڕیشەوە."
ئەوەی کە پەیوەندی بە عەلوەی سلێمانییەوە هەیە، سامان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری عەلوەی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە 27-6-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەموو ئەو سەوزەیەی کە دەهێندرێتە نێو عەلوەکە پشکنینی بۆ دەکرێت. بە گوێرەی پشکنینی تاقیگەی کۆنتڕۆڵی جۆری، عەلوەی سلێمانی هۆکاری ئەو سکچوون و رشانەوە نییە کە هەیە."
سامان ئیسماعیل گوتیشی، "رۆژانە نەک تەنیا بۆ سەوزە، بەڵکو بۆ سەرجەم بەرووبوومەکانی دیکە و هاوردەش لەلایەن ئەو تاقیگەی کە لە عەلوەکە هەیەتی پشکنین دەکرێت."
سەعد موئەیید، خاوەنی عەلوەی دهۆکیش لەبارەی پشکنینی بەرووبومە نێوخۆییەکان رۆژی دووشەممە 27-6-2022 بە رووداوی راگەیاند، "لە عەلوەی دهۆک، پشکنین بۆ بەرهەمە نێوخۆییەکان ناکرێ، بەڵام ئەو کەسانەی کە سەوزەیان لێ دەکڕین دەیانناسین و دەزانین سەوزەکەیان بە ئاوی بیر ئاو داوە."
لای خۆشییەوە، د. فەرهاد ئیسماعیل، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەوان ئامێری پشکنینان نییە، بەڵام لە هەموو چێشتخانەکان سەوزەیان قەدەخەکردووە و سەبارەت بە ماڵانیش گوتی، "پشکنینی ناوێت و بەشێوەیەکی باش دەتوانن سەوزە بشۆنەوە."
رۆژی 21ـی ئەم مانگەش بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجە گوتی، ئەوان وەکو تەندروستی پشکنینیان بۆ سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی هەڵەبجە کردووە و سەرچاوەکە "پاکە و شیاوە" بۆ خواردنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ