رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شاری سەقز دوو هاونیشتمانییان دەستبەسەر کردووە. هەروەها لە شاری پیرانشار ژنێک دەستبەسەر کراوە بەبێ ئەوەی هۆکاری دەستبەسەرکردنەکەی ئاشکرا بکرێت.
بەپێی راپۆرتی تۆڕی مافی کوردستان، هێزە ئەمنییەکانی ئێران رۆژی 26-06-2023 لە گوندی "ملقەڕەنێ" سەر بە شاری سەقز لە پارێزگای سنە چوونەتە سەر ماڵی "میلاد فازڵ پوور" و دەستگیریان کردووە. هەروەها لەنێو شاری سەقزیش، هێمن حوسێنی لە ماڵی خۆیدا دەستبەسەر کراوە.
ئەو دوو هاونیشتمانییە روون نییە بۆ کوێ گوێزراونەتەوە و تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی چارەنووسیان نییە.
هەروەها رۆژی دووشەممە لە شاری پیرانشار، ژنێک بەناوی سورەیا قەیتەران، کە خەڵکی گوندی کانی مەلایە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.
بەپێی ئەو هەواڵە، شەوێک پێشتریش عەبدولڕەحمان و سەدرەدین قەیتەران، دوو برای سورەیا، بەبێ هیچ هۆکارێکی روون دەستگیر کرابوون. هۆکاری دەستگیرکردن و شوێنی راگرتنی سورەیا قەیتەرانیش نازانرێت.
بەپێی راپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، لە سێیەم مانگی بەهاری ئەمساڵدا لانیکەم 70 هاونیشتمانی، لەوانە خێزانە دادخوازەکان و چالاکڤانانی کورد، لە پارێزگاکانی ورمێ، سنە، کرماشان و خوزستاندا دەستگیر کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ