رووداو - سلێمانی
پیاوێکى خەڵکى رۆژئاواى کوردستان کە لە کەمپى ئاشتى لە باریکە نیشتەجێیە، دوو ساڵە گیرۆدەى نەخۆشییەک بووە و بۆ چارەسەری نەخۆشییەکەشی پێویستی بە لانیکەم 50 هەزار دۆلارە.
سەبرى حەسەن باوکى چوار منداڵە، کە لەبەر هەژارى سیانیان لە خوێندن دابڕاون. ئەو تاوەکو پێش دوو ساڵ وەستاى کاشى بووە، بەڵام کاتێک بۆ پشکنین چووەتە لاى پزیشک، راپۆرتى تاقیگەکە دەریخستووە تووشى پووکانەوەى جگەر بووە.
سەبری حەسەن، هاونیشتمانیی رۆژئاوای کوردستان دەڵێت، "چەندجارێک سەردانى نەخۆشخانەم کردووە لەسەر ئەرکى خۆم، تەنیا ئەو کوڕەم هەیە کە کرێکاریمان بۆ دەکات، داوا لە سەرۆک بارزانى دەکەم کە هاوکاریمان بکات، بۆئەوەى نەشتەرگەریى چاندنەوەى جگەرم بۆ بکرێت."
راپۆرتى پزیشکى لە سلێمانى و هەولێر ئاماژە بەوە دەکەن کە دەبێت جگەر بۆ سەبری بچێندرێتەوە، بۆ ئەوەش هاوژینەکەى و کوڕێکى ئامادەن بەشێک لە جگەرى پێببەخشنن، بەڵام پارەى نەشتەرگەرییەکەیان لە هەولێر 50 هەزار دۆلار و لە دەرەوەى وڵاتیش زیاتر، بەڵام هەرکامیان بێت، سەبرى بەدەستیەوە نییە.
دکتۆر محەممەد شێخانى، پزیشکى پسپۆڕى هەرس و جگەر دەڵێت، "ئەم نەخۆشە پێویستى بە چاندنەوەى جگەرە ئەویش دواى ئەنجامدانى کۆمەڵێک چشکنین و رێکارى پزیشکى، چونکە ئەو دۆخەى ئێستا ئەو تێیدایەتى، لەوە دەرچووە کە بە داودەرمان چاک ببێتەوە."
ئەوەى کە بە شێوەیەکی کاتى کۆمەککارى ئەو پیاوەیە، عەلاگەیەک داودەرمانە کە هەندێکیان سێ ژەمە و هەندێکیشیان زیاتر دەبێت بخوات، خۆ ئەگەر بێ پارەیى داودەرمانى لێ ببڕێت، ئەو خەو و خۆراکە کەمەشى کە هەیەتى، هەراسانى دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ