نەخۆشی لە شووتیی دەشتی بتوێنی داوە و جووتیارێک 140 ملیۆن دینار زیانی کردووە

27-07-2025
ئەبوبەکر ئیسماعیل
جووتیارێک لە شووتییەکەی بەخەسار چووە.
جووتیارێک لە شووتییەکەی بەخەسار چووە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەروبوومی شووتیی بەنێوبانگی دەشتی بتوێن، کە سەرچاوەی داهاتی سەدان جووتیارە، ئەم ساڵ کەوتووەتە بەر شاڵاوی نەخۆشییەکی بەربڵاو. بەرهەمەکە زۆرە، بەڵام بەهۆی ئەو دەرد و ئافاتەوە، بە کەڵکی خواردن نایەت و زیانی مادیی قورسی بە جووتیاران گەیاندووە.
 
خۆشناو حەمەد یەکێکە لەو جووتیارانەی کە بە تەواوی زەرەرمەند بووە. ئەم ساڵ نزیکەی 300 دۆنم زەویی بە شووتی چاندبوو، بەڵام وەک خۆی دەڵێت، "یەک دانەی بە ساخی بۆ دەرنەچووە" و بەهۆی نەخۆشییەکەوە زیاتر لە 140 ملیۆن دیناری لەدەستداوە.
 
ئەو دەڵێت، "شووتیی ئەم ساڵ هەر لە سەرەتاوە خراپ بوو، هەوڵی چارەسەرکردنمان دا بەڵام سوودی نەبوو. مەسرەفێکی زۆرمان لێکرد، لە کۆتاییدا رەق دەرچووە و کەڵکی نییە. زەرەرەکە هێندە زۆرە کە مەزەندە ناکرێت."
 
نەخۆشییەکە ماوەی نزیکەی مانگێکە لەنێو شووتیی بەهاریدا بڵاوبووەتەوە، ئەمەش وایکردووە خاوەن بێستانەکان ترسی ئەوەیان لێ بنیشێت کە هەمان چارەنووس چاوەڕێی بەرهەمی پاییزەشیان بکات.
 
هونەر مەحموود، جووتیارە و ئاماژە بەوە دەکات، "دووبارە دەستمان کردووەتەوە بە چاندنی شووتی، بۆ ئەوەی پاییز شووتیی باشمان هەبێت، بەڵام ئەویش لە ئێستاوە هەست دەکەین خراپ بووە. داوا لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەکەین هاوکارمان بن و کەسی شارەزا بنێرن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر، چونکە جووتیار هەمووی ماڵوێران بوو."
 
جیاوازیی ئابووریی نێوان ئەم ساڵ و پار زۆر گەورەیە. ساڵی رابردوو کیلۆی شووتیی دەشتی بتوێن لەسەر پەرێز بە جوملە بە 600 دینار دەفرۆشرا، بەڵام ئەم ساڵ بەرهەمە نەخۆشەکە هەمووی فڕێ دەدرێت و کەس ئامادە نییە دینارێکی پێ بدات.
 
لای خۆیەوە، بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی راپەڕین دەڵێت، نەخۆشییەکە لە جۆری کەڕووییە و لیژنەیەکیان بۆ خەمڵاندنی زیانەکان و دۆزینەوەی چارەسەر پێکهێناوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەنجامێکی یەکلاکەرەوەی نەبووە.
 
خالید ئەحمەد، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی راپەڕین باس لەوە دەکات، "ئەو نەخۆشییەی لە ماوەی رابردوو بڵاوبووەتەوە، نەخۆشییەکی فترییە (کەڕووییە). ئەوەی زوو خەمی لێ خواردبێت و سەردانی فەرمانگە کشتوکاڵییەکانی کردبێت، کەمتر زەرەرمەند بووە. بەڵام ئەوەی لێی بێخەم بووە، هەم بەرهەمی خەسار بووە، هەمیش زیانی بە ناوچەکە گەیاندووە."
 
دەشتی بتوێن بەهۆی نزیکی لە دەریاچەی دووکان، بە خاکێکی بەپیت و لەبار بۆ بەرهەمهێنانی شووتی دادەنرێت. بەگوێرەی ئامارەکانی کشتوکاڵی سنوورەکە، ساڵانە نزیکەی 500 دۆنم زەوی بە شووتی دەچێندرێت و زیاتر لە 2 هەزار تۆن بەرهەمی هەیە، کە ئێستا بەشێکی زۆری ئەو بەرهەمە لەژێر هەڕەشەدایە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە