پارتی: هۆشیار زێباری داوای نەکردووە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا دوابخرێت

27-08-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نووسینگەی راگەیاندنی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان روونکردنەوەیەک لەبارەی ئەو تۆمەتانە بڵاودەکاتەوە کە ئاراستەی هۆشیار زێباری کراوە و رایدەگەیێنێت، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی حزبەکەیان داوای نەکردووە "رێککەوتن لەگەڵ بەغدا دوابخرێت."
 
لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی چوارشەممە، 27ی ئابی 2025، بڵاوکراوەتەوە، نووسینگەی راگەیاندنی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوە کردووە، رۆژی سێشەممە، 26ی ئابی 2025، لە بەرنامەیەکی رادیۆی دەنگی بزووتنەوەی گۆڕان کە لە پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیای فەرمیی کەناڵی (KNN)یش بڵاوکراوەتەوە، کەسێک بە ناوی بەرپرسی ئۆفیسی دەزگای ستاندارد لە سلێمانی، تۆمەتێکی ئاراستەی هۆشیار زێباری کردووە.
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی پارتی، تۆمەتەکە ئەوە بووە کە گوایە هۆشیار زێباری "لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باسی لە پرسی دواخستنی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا کردووە سەبارەت بە دابینکردنی مووچە!"
 
مەکتەبی سیاسیی پارتی لە وەڵامدا دەڵێت: "لێرەوە رایدەگەیێنین کە سەرلەبەری ئەو زانیارییانە ناڕاستن و دەکەونە خانەی تۆمەت بەخشینەوەیەکی بێ بنەما."
 
هەروەها لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بەپێچەوانەوە بەڕێز زێباری و مەکتەبی سیاسیی پارتیمان هەمیشە جەختیان لە پاڵپشتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە لە چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، هاوکات هانی هەردوو حکومەت دراوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی تۆکمە بۆ دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و رەخساندنی کەشێکی ئارام لەپێناو ژیان و گوزەرانی مووچەخۆر و هاووڵاتییانی خۆشەویستی کوردستان."
 
دەقی راگەیێندراوەکە: 
 
روونکردنەوەیەک لە نووسینگەى راگەیاندنى مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستانەوە
 
دوێنێ، ڕێکەوتى 26ى ئابى 2025، لە بەرنامەیەکى رادیۆى دەنگى بزووتنەوەى گۆڕان کە لە پلاتفۆڕمەکانى سۆشیال میدیاى فەرمى کەناڵى (KNN)یش بڵاوکراوەتەوە، کەسێک بەنێونیشانى بەرپرسى ئۆفیسى دەزگاى ستاندارد لە سلێمانى، بەناوى زانیارى، چەند تۆمەتێکى بەخشیوەتەوە، کە گوایە هەڤاڵ (هۆشیار زێبارى) ئەندامى دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسیى پارتیمان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێزان لە مەکتەبى سیاسیى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان باسى لە  پرسى دواخستنى رێککەوتنى نێوان هەولێر و بەغدا کردووە سەبارەت بە دابینکردنى مووچە.
 
لێرەوە رایدەگەیێنین کە سەرلەبەرى ئەو زانیاریانە ناڕاستن و دەکەونە خانەى تۆمەت بەخشینەوەیەکى بێ بنەما، بەپێچەوانەوە بەڕێز زێبارى و مەکتەبى سیاسیی پارتیمان هەمیشە جەختیان لە پاڵپشتى حکومەتى هەرێمى کوردستان کردووەتەوە لە چارەسەر کردنى کێشە و گرفتەکان لەگەڵ حکومەتى فیدڕاڵى، هاوکات هانى هەردوو حکومەت دراوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکى تۆکمە بۆ دابینکردنى مووچە و شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستان و رەخساندنى کەشێکى ئارام لەپێناو ژیان و گوزەرانى مووچەخۆر و هاووڵاتییانى خۆشەویستى کوردستان.
 
نووسینگەى راگەیاندنى مەکتەبى سیاسیى پارتی دیموکراتى کوردستان. 
 
27ى ئابى 2025
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.