رووداو دیجیتاڵ
بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هەولێر و بەغدا لەسەر بەشێکی داهاتی نانەوتی گەیشتوونەتە رێککەوتن. ئەمەش دوای زنجیرەیەک گفتوگۆی چڕ لەنێوان هەردوولا.
شوان کەلاری لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات رایگەیاند، دواخستنی مووچەی سێ مانگی رابردووی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە ناکۆکییەکی بچووکەوە هەبووە لەسەر داهاتی نانەوتی و ئەمە ململانێیەکی سیاسی بووە.
بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی گوتی: "بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ناردنی مووچەی مانگی پێنج و شەش، لە بەرامبەر ناردنی 120 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بۆ هەر مانگێک، دوای 20 رۆژ لە دواکەوتن و بەبێ گەیشتنی رێککەوتنێکی کۆتایی لەسەر هەموو خاڵەکان، دراوە."
بە گوتەی شوان کەلاری، هەفتەی داهاتوو شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی مووچە و بودجە سەردانی بەغدا دەکاتەوە.
سەبارەت بە ناکۆکییەکانی سەر داهاتی نانەوتی، شوان کەلاری گوتی ئەمانە جیاوازیی گەورە نین، بەڵکو پەیوەندییان بە چۆنیەتی وەرگرتنی داهاتەکانەوە هەیە: "لەسەر بەشێکی داهاتی نانەوتی رێککەوتوون؛ لەسەر ئەوەی داهاتی فیدراڵییە لە شوێنەکانی دیکە و لە پارێزگاکانی دیکە چۆن وەردەگیرێت، لە هەرێمی کوردستانیش بە هەمان شێوە بێت و هەرێمی کوردستان 50%ی داهاتی فیدراڵی رادەست بکات." تیشکی خستە سەر داواکارییەکەی تەیف سامی بۆ وەرگرتنی 50%ـی سەرجەم داهاتەکان و پێیوابوو ئەمە پێچەوانەی دەستوور و یاسای بودجەیە.
کەلاری باسی لە تێپەڕاندنی هەموارکردنەوەی یاسای دامەزراوەی زیندانییانی سیاسی (ژمارە 4ی ساڵی 2006) کرد لە پەرلەمانی عێراق، کە بەگوێرەی ئەم یاسایە، سەرجەم ماف و ئیمتیازاتەکانی زیندانییانی سیاسیی هەرێمی کوردستان (بە هەڵەبجە و نوگرە سەلمانیشەوە) لەگەڵ هاوشێوەکانیان لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق یەکدەخرێت.
ئەو رەخنەشی لە هەڵسوکەوتی هەندێک لە پەرلەمانتاران گرت کە دژی تێپەڕاندنی ئەو بڕگانە بوون کە مافەکانی زیندانییانی سیاسیی هەرێمی کوردستان دەستەبەر دەکەن.
ئەم پێشهاتانە ئاماژەیەکن بۆ هەنگاوێکی گرنگ لە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەتایبەتی لە بواری دارایی و مافەکانی زیندانیانی سیاسی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ